ڕۆژی شەممە، ئێران شەپۆلێکی گەورەی مووشەکی ئاراستەی چەند ناوچەیەکی ئیسرائیل کرد و شارەکانی عەراد و دیمۆنای لە باشووری ئەو وڵاتە پێکا، کە بەهۆیەوە دەیان کەس بریندار بوون و زیانی گەورە بەر باڵەخانەکان کەوتووە، بەپێی ئامارەکان تەنیا لە شاری عەراد 100 کەس بریندار بوون.
دەزگای فریاکەوتنی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە لە شاری عەراد مامەڵە لەگەڵ "ڕووداوێکی گەورە" دەکەن و تا ئێستا 100 برینداریان گواستووەتەوە بۆ نەخۆشخانەی سۆرۆکا، ئاماژە بەوەش کراوە کە دۆخی 23 لە بریندارەکان مەترسیدارە و تیمەکان خەریکی گەڕانن بەدوای بێسەروشوێنبووان لەژێر داروپەردووی باڵەخانە ڕووخاوەکاندا.
هاوکات زەنگی ئاگادارکردنەوە لە ناوچەکانی نەقەب، دەریای مردوو، جەلیل، گۆلان و حەیفا لێدرا، کەناڵی 12ی ئیسرائیلیش پشتڕاستی کردەوە کە پارچەی مووشەک لە دەریای مردوو و دەوروبەری شارۆچکەی عەراد لە بیابانی نەقەب کەوتوونەتە خوارەوە.
لەلایەکی دیکەوە، شاری دیمۆنا کە دامەزراوەیەکی ئەتۆمیی لێیە، ڕووبەڕووی هێرشی مووشەکی بووەوە و بەهۆیەوە لانی کەم 39 کەس بریندار بوون. سوپای ئیسرائیل جەختی کردەوە کە مووشەکێکی ڕاستەوخۆ بەر باڵەخانەیەک لەو شارە کەوتووە و تۆپەڵە ئاگرێکی گەورەی دروست کردووە.
تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران ڕایگەیاند کە ئەم هێرشە وەک وەڵامێک بووە بۆ هێرشی پێشتری ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوەی ئەتۆمیی نەتەنز لە ناوەڕاستی ئێران.
ئێران بە مووشەک هێرشی کردە سەر عەراد و دیمۆنا و دەیان بریندار هەن
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.