بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەنداو و کۆگاکانی ئاو لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ئاگادارییەکی بەپەلەی ئاراستەی دانیشتووانی سنووری گەرمیان و ئەو ناوچانە کرد کە دەکەونە سەر ڕووباری سیروان و زێی بچووک.
لە ڕاگەیەندراوێکدا، بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کە بەهۆی بارانبارینی زۆر و هەڵسانی لافاو، هاوکات زیادبوونی ڕێژەی بەردانەوەی ئاو لە بەنداوی دەربەندیخان، ئاستی ئاوی ڕووباری سیروان لە خوارووی بەنداوەکەوە تا دەگاتە بەنداوی حەمرین بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.
لە ئاگادارییەکەدا داوا لە هاووڵاتیان بەگشتی، گەشتیاران، ئاژەڵداران، خاوەن کارگەکان و دانیشتووانی گوندەکانی سەر ڕووبارەکە کراوە، کە بە مەبەستی پاراستنی گیان و ماڵ و کەرەستەکانیان، لە کەناراوەکان و چەمەکە دوور بکەونەوە و خۆیان لە مەترسییەکانی لافاو بپارێزن.
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئەم هۆشدارییە سنووری زێی بچووک، تەقتەق و دەوروبەری و تەواوی ئەو چەمانەش دەگرێتەوە کە دەکەونە خوارووی بەنداوەکان، جەختیش کراوەتەوە کە پێویستە هاووڵاتیان تا کاتی نیشتنەوەی شەپۆلەکە پابەندی ڕێنماییەکان بن.
لە کۆتاییدا، بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەنداوەکان هیوای خواستووە ئەم شەپۆلە بە سەلامەتی و بێ زیان تێپەڕێت و پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی بە ئامانجی سەرەکی خۆی داناوە.
وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ هاووڵاتییان: لە رووباری سیروان دوربکەونەوە
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.