زیاتر لە 20 وڵات ڕایانگەیاند، ئامادەن بەشداری لە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بکەن بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی گەرووی هورمز، هاوکات بە توندی سەرکۆنەی داخستنی ئەو ڕێڕەوە ستراتیژییەیان لەلایەن ئێرانەوە کرد.
لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، 22 وڵات کە زۆربەیان ئەورووپین و هەریەکە لە بەحرێن و ئیماراتیشیان لەگەڵدایە، ڕایانگەیاند: "ئامادەیی خۆمان بۆ بەشداریکردن لە هەوڵە گونجاوەکان بۆ دەستەبەرکردنی تێپەڕبوونی ئارام بەناو گەرووی هورمزدا دەردەبڕین و پێشوازی لە پابەندبوونی ئەو وڵاتانە دەکەین کە بەشدارن لە پلاندانانی بەرایی بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە."
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "بە توندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەم دواییەی ئێران بۆ سەر کەشتییە بازرگانییە بێبەرگرییەکان لە کەنداو، و هێرشکردنە سەر ژێرخانی مەدەنی لەوانە دامەزراوەکانی نەوت و گاز، و داخستنی کردەیی گەرووی هورمز لەلایەن هێزە ئێرانییەکانەوە دەکەین."
ئەم ئاڵۆزییانە دوای ئەوە دێن کە لە 28ـی شوباتی ڕابردووەوە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد، تاران وەک وەڵامێک چەندین هێرشی کردووەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە کاتی تێپەڕبوونیان بە گەرووەکەدا.
بەپێی داتاکانی کۆمپانیای "کێپلەر" بۆ شیکاری، لە نێوان 1 تا 19ـی ئازاردا، تەنها 116 کەشتیی بارهەڵگر بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیون، ئەمەش بە ڕێژەی 95% کەمترە لەو ئاستەی پێش دەستپێکردنی جەنگ تۆمار کراوە.
داخستنی کردەیی گەرووی هورمز، بە شێوەیەکی ئاسایی 20%ـی نەوت و گازی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت، لەگەڵ هێرشەکان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەیەکی بێوێنەی نرخەکانی سووتەمەنی لە بازاڕەکانی جیهاندا.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، وڵاتانی واژۆکار داوای ڕاگرتنی دەستبەجێ و هەمەلایەنەی هێرشەکانیان بۆ سەر ژێرخانە مەدەنییەکان و دامەزراوەکانی نەوت و گاز کردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.