وەزیری بەرگریی ئیسرائیل قۆناغێکی نوێی هێرشە هاوبەشەکانی وڵاتەکەی و ئەمریکا بۆ سەر ئێران ڕادەگەیەنێت و ئاماژە بەوە دەکات، لە سبەینێوە لێدانەکان بۆ سەر ژێرخانە تەناهی و سەربازییەکانی تاران بە شێوەیەکی "بەرچاو" زیاد دەبن و تاوەکو بەدیهێنانی هەموو ئامانجەکان بەردەوام دەبن.
ئەمڕۆ شەممە، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند: "کێش و خێرایی" هێرشە هاوبەشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە ڕۆژانی داهاتوودا بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.
لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە کاتی کۆبوونەوەیەکی هەڵسەنگاندنی دۆخەکەدا بڵاوکراوەتەوە، یسرائیل کاتز ئاماژەی بەوە کردووە: "خێرایی ئەو لێدانانەی کە هێزەکانی ئیسرائیل و سوپای ئەمریکا دژی ڕژێمی ئێران و ئەو ژێرخانانەی پشتی پێ دەبەستن ئەنجامی دەدەن، لە ڕۆژی یەکشەممەوە بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەبن."
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل جەختی لەوەش کردەوە: "ئەو هەڵمەتەی لە لایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلەوە سەرپەرشتی دەکرێت، بەردەوام دەبێت و ناوەستین تاوەکو هەموو ئامانجەکانی جەنگ بەدی دەهێنرێن."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.