Erbil 31°C ھەینی 12 حوزەیران 07:23

فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق: لێدوانەکانی بهاء ئەعرەجی بێڕێزییە بە دەستوور

کوردستان TV
100%

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە توندی سەرکۆنەی لێدوانەکانی پەرلەمانتار بهاء ئەعرەجی دەکات و ڕایگەیاند، ئەو گوتارە ژەهراوییە بێڕێزییەکی ڕاشکاو بە بنەما دەستوورییەکان نیشان دەدات و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران کەمتەرخەمە لە ئەرکە دەستوورییەکانی بۆ پاراستنی شکۆی دامەزراوەی یاسادانان و پاراستنی دەقەکانی دەستوور.

دەقی بەیاننامەکەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق:

فراکسیۆنە پەرلەمانییەکەمان، بە توندی سەرکۆنە و ڕەتکردنەوەی  ئەو لێدوانە  دەکات کە لەلایەن پەرلەمانتار بهاء الاعرجی داویەتی لە ناو ئەنجومەنی نوێنەران، کە بەزاندنێکی ڕاشکاوی دەستووری عێراق و دابەزینێکی قبوڵنەکراوی گوتاری سیاسییە لەژێر چەتری پەرلەماندا.

ئەوەی گوتراوە تەنها جیاوازی بیروبۆچوون نەبووە، بەڵکو گوتارێکی ژەهراوییە و بێڕێزییەکی ڕاشکاو بە بنەما دەستوورییەکان نیشان دەدات و هەوڵێکی بێهودەیە بۆ بچووککردنەوەی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە سەروەرییەکانی و ناساندنی سەرکردەکانی بە سیفەتی کارگێڕی کە لەگەڵ پێگە دەستوورییەکەیان ناگونجێت. 

ئەم تێڕوانینە پێشێلکردنی ڕوونی ماددە دەستوورییەکانی (112، 114، 115، 116، 117، 121) کە پەیوەندی نێوان ناوەند و هەرێمیان لەسەر بنەمای هاوبەشییەکی هاوسەنگ نەک پاشکۆیەتی ڕێکخستووە.

لێرەوە، بۆ ڕای گشتی دووپاتی دەکەینەوە:

1. شەرعییەتی دەستووری (ماددەی 117): دەسەڵاتەکانی هەرێم (یاسادانان، جێبەجێکردن، دادوەری) دەسەڵاتی هەرێمێکی فیدراڵین کە دەستوور چەسپاندوویەتی و سەرۆک وەزیرانی هەرێم و وەزیرەکان ئەرکەکانیان بەپێی ڕاسپاردەیەکی دەستووری تەواو لە گەلەکەیانەوە ئەنجام دەدەن، ئەوان "فەرمانبەر" نین لای هەوسی سیاسییە گۆڕاوەکان.

2. باڵادەستی یاسا (ماددەی 115): دەستوور پێشینەیی داوە بە یاسای هەرێم لە کاتی هەبوونی ناکۆکی لە پسپۆڕییە هاوبەشەکاندا، بۆیە زمانی "فەرمان و ئینزار" زمانێکی دەرچووە لە یاسا و دەستوور و نیشانەی عەقڵییەتێکی ناوەندگەرێتی کۆنە.

3. سەرکۆنەکردنی کەمتەرخەمی سەرۆکایەتی: ئێمە سەرکۆنەی بێدەنگی و کەمتەرخەمی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران دەکەین لە ئاست ئەم دەستدرێژییە، کە ئەمەش کەمتەرخەمییە لە ئەرکە دەستوورییەکانی بۆ پاراستنی شکۆی دامەزراوەی یاسادانان و پاراستنی دەقەکانی دەستوور لە موزایەدەی سیاسی.

هەروەها جەخت دەکەینەوە کە بەردەوامبوون لەم گوتارە دوژمنکارانە  تەنها خزمەت بە دوژمنانی عێراق دەکات و هەوڵێکی ئاشکرایە بۆ تێکدانی ئەو پەیمانە کۆمەڵایەتییەی کە کۆمان دەکاتەوە. دەبێت تێبگەن کە سەردەمی "ناوەندگەرێتی چەوسێنەر" بەبێ گەڕانەوە کۆتایی هاتووە، و دەستوور دادوەر و یەکلاکەرەوەیە، هەرکەسێکیش ناتوانێت دەستوور بخوێنێتەوە ولێ تێناگات، با واز لە سیاسەت بهێنێت پێش ئەوەی وڵات تووشی قەیرانێک بکات کە دەرەنجامەکەی باش نابێت.

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.