سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر ڕایگەیاند، بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێکی کۆبوونەوەی ئاو و لافاو، سەرجەم تیمەکانیان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشی و دەستیان کردووە بە ئامادەکارییە پێویستەکان بۆ ئەو شەپۆلە بارانەی کە چاوەڕوان دەکرێت لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا ناوچەکە بگرێتەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر، بە فەرمانی سەرۆکی شارەوانی، سەرجەم لیژنەکانی هەر 9 بەڕێوەبەرایەتییەکەی سەربە شارەوانی ڕاسپێردران بۆ جێگیرکردنی تیم و ئامێرەکان لە کۆڵان و شەقامەکاندا، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ پێشبینییەکانی کەشوهەوا بۆ هاتنی شەپۆلێکی بارانبارین.
لەو چوارچێوەیەدا، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی هەڵمەتێکی فراوانیان بۆ خاوێنکردنەوەی مەنهۆڵ و چەپەرەکانی ئاووەرگرتن و واڵاکردنی زێرابەکان لە تەواوی گەڕەک و شەقامە گشتییەکانی هەولێر دەستپێکردووە. هەڵمەتەکە زیاتر جەخت لەو شوێنانە دەکاتەوە کە مەترسی کۆبوونەوەی ئاویان لێ دەکرێت، تاوەکو ڕێگری لە دروستبوونی لافاو بکرێت.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە لە ئێستادا ئامێرەکانی شۆفڵ و بۆبکات لەو ناوچانەی وەک خاڵی لاواز بۆ کۆبوونەوەی ئاو دەستنیشانکراون جێگیرکراون، تیمەکان تا کۆتاییهاتنی شەپۆلی بارانبارینەکە و ئاساییبوونەوەی دۆخی کەشوهەوا لە ئەرکەکانیان بەردەوام دەبن بۆ پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتییان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.