بەبۆنەی هاوکاتبوونی جەژنی ڕەمەزان و جەژنی نەتەوەیی نەورۆز، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ سلێمانی وێڕای پیرۆزبایی، چەند بڕیار و ڕێنماییەکی گرنگی بۆ پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییان و شۆفێران ڕاگەیاند:
ڕێنمایی و هۆشدارییەکان:
1- قەدەغەی شۆفێری بێ مۆڵەت: دایکان و باوکان هۆشیار دەکرێنەوە سویچی ئۆتۆمبێل نەدەنە دەست منداڵانی بێ مۆڵەت؛ بەپێی بەشی 21ی یاسای هاتوچۆ ڕێکاری توندیان بەرامبەر دەگیرێتە بەر.
2- پاراستنی منداڵان: بەهۆی زۆریی هاتوچۆی منداڵان لە شەقام و کۆڵانەکان، پێویستە شۆفێران بەوپەڕی وریایی و خێراییەکی کەمەوە شۆفێری بکەن.
3- مەرجەکانی سەلامەتی: بەکارهێنانی پشتوێنی دڵنیایی (قایشی سەلامەتی) بۆ شۆفێر و سەرنشین ئیجبارییە.
4- مۆبایل: بەکارهێنانی مۆبایل لەکاتی شۆفێریدا بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
5- ماتۆڕسکیل: شۆفێرانی ماتۆڕسکیل دەبێت پابەندی خێرایی، ترافیک لایت و کڵاوی پارێزەر بن.
6- ئارامیی هاووڵاتییان: هەر جۆرە سەرکێشییەک و بێزارکردنی هاووڵاتییان لەلایەن شۆفێرانی ماتۆڕسکیلەوە ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.
7- قەدەغەی سەرنشین لە بارهەڵگر: سەرخستنی منداڵ و سەرنشین لە بەشی پشتەوەی بارهەڵگر و ماتۆڕسکیل قەدەغەیە و دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەدا دەگیرێت.
8- پارککردن: ڕێگری لە پارککردنی نادروست دەکرێت و سەرپێچیکاران سزا دەدرێن.
9- گۆڕستان و سەیرانگا: لە یەکەم ڕۆژی جەژنەوە مەفرەزەکانی هاتوچۆ لەبەردەم گۆڕستانەکان و تەواوی ناوچە گەشتیارییەکان بۆ ڕێکخستنی هاتوچۆ جێگیر دەکرێن.
10- کامێراکانی چاودێری: کامێراکانی چاودێریی خێرایی لە ناو شار و دەرەوەی شار وەک ڕۆژانی ئاسایی بەردەوام لە کارکردندا دەبن.
11- خێرایی دیاریکراو: پێویستە شۆفێران لە کۆڵان و شوێنە گشتییەکان پابەندی کەمترین خێرایی بن.
12- بڕیاری تایبەت بە دوکان: لە ڕۆژانی 21، 22 و 23ی ئازار، هاتنەناوەوەی بارهەڵگر بۆ ناو سەنتەری قەزای دوکان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
13- مەی و شۆفێری: شۆفێریکردن لەژێر کاریگەریی خواردنەوە کحولییەکان (مەی) قەدەغەیە و توندترین سزا دەدرێن.
14- هێڵی گەرم: لەکاتی هەر حاڵەتێکی پێویستدا، پەیوەندی بە هێڵی گەرمی ژمارە (188) بکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.