جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق راگەیەنراوێكی لەبارەی نایاسایی و نادەستووری دانیشتنی ژمارە 14ی پەرلەمانی عێراق بڵاو كردەوە.
فەرهاد ئەترووشی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەنراوەكەدا دەڵێت: بۆ دەربازبوون لەم بابەتە و خۆدزینەوە لە دەقی پابەندکەر لە پەیڕەوی ناوخۆ، بانگەشەی ئەوە كراوە كە دانیشتنەکە نائاساییە بووە، ئەمەش دەستکاریکردنی دەقەکانە، چونکە نەدەبوو دانیشتنی ئاسایی لە بنەڕەتدا ئەنجام بدرێت.
دەقی راگەیەنراوی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی دانیشتنی ژمارە 14ی پەرلەمانی عێراق:-
بەدواداچوونمان بۆ وردەكاری گرێدانی دانیشتنی ژمارە (14)ی ئەنجوومەنی نوێنەران و دەرئەنجامەکانی كرد، پێشتر رامانگەیاندبوو کە دانیشتنێکی یاسایی نەبووە، چونکە کارنامەکە لەلایەن ئێمەوە پەسەند نەکراوە، بەگوێرەی مادەی (9/یەکەم) لە پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەمەش پێشێلکردنی مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ دانیشتنێکی شەرعی.
بۆ دەربازبوون لەم بابەتە و خۆدزینەوە لە دەقی پابەندکەر لە پەیڕەوی ناوخۆ، بانگەشەی ئەوە كراوە دانیشتنەکە نائاساییە بووە، بە پشتبەستن بە مادەی (58)ی دەستوور، ئەمەش دەستکاریکردنی دەقەکانە، چونکە نەدەبوو دانیشتنی ئاسایی لە بنەڕەتدا ئەنجام بدرێت، دواتر بانگهێشتی دانیشتنێکی نائاسایی بكرێت بۆ تەواوكردنی رووخسارە یاساییەکانی، نەک بانگهێشتكردن بۆ دانیشتنێکی ئاسایی بکرێت و دواتر بانگەشەی گۆڕینی بكرێت بۆ نائاسایی.
لەگەڵ ئەوەشدا، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران ئەوەی ناوی ناوە بە "بڕیاری دانیشتنی 14ی ئەنجوومەنی نوێنەران" بەبێ دەنگدانی دروست، وەک لە مادەی (59)ی دەستوردا هاتووە، وێڕای ئەوەش بڕیارەکە پێشێلکردنی ئاشکرای بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی ژمارە (140 و بڕیارە پەیوەندیدارەکانی ژمارە 141/فیدراڵی/میدیا/2018)ی بەرواری 23ی کانوونی یەكەمی 2018 بوو، کە بڕیاری دا بە نادەستووريبوونى مادەی (17/حەوتەم)ی یاسای ئەنجوومەنی نوێنەران و پێکهاتەکانی ژمارە (13)ی ساڵی 2018، كە رێگەی بە ئەنجوومەن دابوو بڕیاری پەرلەمانیی دەربکات.
هەڵوێستە سیاسییە ژیر و ڕەواکان، بەتایبەت لەم هەلومەرجە تایبەت و مەترسیدارە كە وڵاتی پێیدا تێپەڕدەبێت، نابێت لەسەر بنەمای رێوشوێنی پێشێلکردنی دەستوور و یاسا بونیاد بنرێن، بەکارهێنانی دەسەڵات بەبێ پاڵپشتیەكی رەوا و بە پێچەوانەی بڕیارە دادوەرییەکان، پێشێلکردنی پرنسیپی رەوایەتییە و دانیشتنەکە و دەرئەنجامەکانیشی دادەماڵێت لە هەر بەهایەکی یاسایی.
تەنها پابەندبوون بە دەستوور و سیستمی فیدراڵی گەرەنتی سەقامگیری سیاسی و ئابووری و ئەمنی وڵات دەکات، نەک هەڕەشەكردن بە بڕینی بودجە یان هێرشکردن فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک.
فەرهاد ئەمین ئەتروشی
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران
18ی ئازاری 2026
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.