Erbil 31°C چوارشەممە 05 ئاب 14:35

تلیسکۆبی جیمس وێب پەردە لەسەر کارەساتێکی گەردوونیی مەزن لە سیستەمی نێپتون لادەبات

100%

تلیسکۆبی جیمس وێب (James Webb) بەڵگەی نوێی لەسەر کارەساتێکی گەردوونیی گەورە دۆزیوەتەوە کە ملیارەها ساڵ لەمەوبەر لە سیستەمی گەسارەی نێپتون (Neptune) ڕوویداوە و بووەتە هۆی تێکشکانی مانگە کۆنەکان و دووبارە دروستبوونەوەی مانگەکانی ئێستای ئەو هەسارەیە.

بەڵگەکە لە ڕێگەی شیکارکردنی سێ مانگی ناوەکیی نێپتون Proteus، Larissa، Galatea و ئەڵقە تۆزاوییەکانی دەوروبەری دەستکەوتووە. زانایان جۆرە کانزایەکی قوڕیی دەوڵەمەند بە مەگنیسیۆمیان دۆزیوەتەوە کە تەنها لە ئەنجامی بەرکەوتنی درێژخایەنی ئاوی شل و بەرد دروست دەبن. بوونی ئەم ماددانە لەسەر مانگە بچووک و ساردەکان ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەوان پاشماوەی جەستەی مانگێکی زۆر گەورەترن کە لە ڕابردوودا تێکشکاوە.

ڕایڵی دەیڤس، زانای گەردوونناسی لە زانکۆی کالیفۆرنیا و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە، ڕایگەیاند: دۆزینەوەی ئەم ماددانە لەسەر مانگە ناوەکییەکانی نێپتون، ئاماژەیە بۆ ڕووداوێکی کێشکردنی وێرانکەر کە بووەتە هۆی تێکشکانی جیهانە کۆنەکان و ئاشکرابوونی ناخیان، پاشان ئەم مانگە بچووکانەی ئێستا لە پاشماوەی ئەو وێرانکارییە دروستبوونەتەوە.

بەپێی توێژینەوەکە، تریتۆن (Triton) کە گەورەترین مانگی ئێستای نێپتونە، گومانلێکراوی سەرەکیی ئەم کارەساتەیە. تریتۆن لە بنەڕەتدا تەنێکی سەر بە پشتێنەی کایپەر بووە و دواتر لەلایەن کێشکردنی نێپتونەوە ڕاوکراوە. ئەم پڕۆسەیە بووەتە هۆی شێواندنی خولگەی مانگە ڕەسەنەکانی نێپتون و پێکدادانیان بە یەکتری.

تریتۆن تەنها مانگی گەورەیە لە کۆمەڵەی خۆردا کە بە ئاراستەیەکی پێچەوانەی خولانەوەی هەسارەکەی دەسووڕێتەوە، ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە کە لە شوێنێکی دیکەوە هاتووە. لە ئێستادا تریتۆن زیاتر لە 99%ی کۆی کێشی سیستەمی مانگەکانی نێپتون پێکدەهێنێت.

نێپتون نزیکەی 30 جار لە زەوییەوە دوورترە و 16 مانگی ناسراوی هەیە. زانایان پێیان وایە مانگی نێرید (Nereid) تەنها ڕزگاربووی مانگە ڕەسەنەکانی نێپتون بێت کە توانیویەتی لەو کارەساتە گەردوونییە گەورەیە دەرباز ببێت.

زانست و تەکنۆلۆژیا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.