فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM) نوێترین زانیاری و ئاماری دەربارەی ئۆپەراسیۆنی (Epic Fury) بڵاوکردەوە، کە بە فەرمانی سەرۆکی ئەمریکا دژی ژێرخانی سەربازی و ئەمنیی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستی پێ کردووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی سێنتکۆم، ئۆپەراسیۆنەکە لە 28ی شوباتی 2026ـەوە دەستی پێ کردووە و ئامانج لێی پەکخستنی دەزگا ئەمنییەکانی ڕژێمی ئێران و ئەو شوێنانەیە کە هەڕەشەی ڕاستەوخۆن. ئاماژە بەوەش دراوە کە تاوەکو 18ی ئاداری 2026، هێزەکانی ئەمریکا زیاتر لە 8 هەزار گەشتی ئاسمانیی جەنگییان ئەنجامداوە و تێیدا زیاتر لە 7 هەزار و 800 ئامانجی جیاواز لە ناو خاکی ئێران پێکراون.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە لە هێرشەکاندا زیاتر لە 120 کەشتی و ژێردەریایی ئێرانی تێکشکێنراون یان زیانی توندیان پێگەیشتووە. ئەو شوێنانەشی کراونەتە ئامانج بریتین لە: ناوەندەکانی سەرکردایەتی و کۆنتڕۆڵ، بارەگاکانی سوپای پاسداران (IRGC)، بنکە هەواڵگرییەکان، سیستەمی بەرگری ئاسمانی، و کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستی و درۆن.
سێنتکۆم ئەوەشی خستووەتە ڕوو، کە لەم ئۆپەراسیۆنە بەرفراوانەدا پێشکەوتووترین چەک و کەرەستەی سەربازی بەکارهێنراون، لەوانە فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری (B-2 Stealth, F-35, F-22) و کەشتیگەلی فڕۆکەهەڵگر و ژێردەریایی ئەتۆمی، لەگەڵ سیستەمی مووشەکی پاتریۆت و تاد (THAAD) بۆ بەرگری.
ئەم ئۆپەراسیۆنە وەک گەورەترین جوولەی سەربازی ئەمریکا دژی تاران لە قەڵەم دەدرێت، کە ئامانجی سەرەکی لێی بێهێزکردنی توانای سەربازی و پیشەسازییە بەرگرییەکانی ئەو وڵاتەیە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.