وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، تیرۆرکردنی عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەییی ئێران، نابێتە گورزێکی کوشندە بۆ سەرکردایەتیی وڵاتەکە یان پێکهاتە سیاسییەکەی.
ڕۆژی چوارشەممە 18 ـی ئادار، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، دوای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی تیرۆرکردنی عەلی لاریجانی، ڕایگەیاند، ئەمریکا و ئیسرائیل هێشتا درکیان بەوە نەکردووە کە سیستەمی حوکمڕانی لە ئێراندا لەسەر یەک کەس دانەمەزراوە.
وەزیری درەوەی ئێران گوتی: "تێناگەم بۆچی ئەمریکییەکان و ئیسرائیلییەکان تا ئێستا لەوە تێنەگەیشتوون کە کۆماری ئیسلامی خاوەنی پێکهاتەیەکی سیاسیی تۆکمەیە، کە لەسەر دامەزراوە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییە چەسپاوەکان دامەزراوە".
لە بارەی کوژرانی سەرکردە باڵاکانی ئێران، عەباس عێراقچی ڕایگەیاند: "بوون یان نەبوونی یەک کەس کار ناکاتە سەر ئەم پێکهاتەیە"، جەختی کردەوە کە کەسەکان ڕۆڵی جیاوازیان هەیە لە ڕووی گرنگییەوە، بەڵام گرنگترین شت ئەوەیە کە سیستەمی سیاسی لە ئێراندا خاوەنی پتەوییەکی گەورەیە.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، تەنانەت ئەگەر خۆی شەهید بکرێت، لە کۆتاییدا کەسێک دەبێت کە پۆستەکە بگرێتە دەست.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.