Erbil 31°C پێنجشەممە 06 ئاب 21:13

پەرلەمانی عێراق بۆ پرسی هەناردەكردنی نەوت لە رێگەی بۆڕی هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە

کوردستان TV
100%

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاریداوە دانیشتنێكی تایبەتی پەرلەمانی عێراق رێك بخات بۆ تاوتوێكردنی هەناردەكردنی نەوتی عێراق لە رێگەی بۆڕی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهان.

بەگوێرەی راگەیەنراوی ئەنجوومەنی نوێنەران، رۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە دانیشتنی تایبەتی پەرلەمانی عێراق بۆ تاوتوێكردنی پرسەكە رێك دەخرێت.

لە دانیشتنەكەدا هەریەك لە، جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق، وەزیری نەوت، وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان، بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوت (سۆمۆ) و چەند بەرپرسێكی دیكەی تایبەتمەند ئامادە دەبن.

لە دانیشتنەكەدا بەتایبەتی گفتوگۆ لەسەر دۆزینەوەی شێوازێك دەكرێت بۆ ئەوەی رێژەیەكی دیكەی نەوتی عێراق لەرێگەی بۆڕی نەوتی هەرێمی كوردستان رەوانەی بەندەری جەیهان لە توركیا بكرێت.

ئەمە دوای ئەوەی وەزارەتی نەوتی عێراق ئەمرۆ یەكشەممە هەرێمی كوردستانی تۆمەتبار كردبوو بەوەی كە رەتی دەكاتەوە بەشێكی دیكەی نەوتی عێراق لە رێگەی بۆڕییەوە هەناردە بكرێت، دواتریش وەزارەتی سامانە سروشتییەكان وەڵامی راگەیەنراوەكەی وەزارەتی نەوتی عێراقی دایەوە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوەكەدا ئاماژەی بەوە دا كە وەزارەتی نەوتی عێراق هەموو ڕەهەندەکانی کێشەکەی باس نەکردووە و بەڵكو بابەتەکەی شێواندووە، هەروەها هەوڵی تۆمەتبارکردنی هەرێمی کوردستانی داوە بۆ چەواشەکردنی رای گشتی.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان جەختیشی كردبووەوە كە "هەموو كێڵگەكانی نەوتی هەرێمی كوردستان كراونەتە ئامانجی میلیشیاكان و ئێستا هیچ بەرهەمێك نەماوە هەناردە بكرێت"

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.