Erbil 31°C سێشەممە 04 ئاب 11:05

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان وەڵامی وەزارەتی نەوتی  عێراق دەداتەوە

کوردستان TV
100%

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان وەڵامی وەزارەتی نەوتی عێراق دەداتەوە دوای ئەوەی بڵاوی كردبووەوە كە گوایە هەرێمی كوردستان ئامادە نییە نەوت بەڕێگەی بۆڕی بۆ توركیا بنێردرێت.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە راگەیەنراوەكەدا ئاماژە بەوە دەكات كە "هەموو كێڵگەكانی نەوتی هەرێمی كوردستان كراونەتە ئامانجی میلیشیاكان و هیچ بەرهەمێك نەماوە هەناردە بكرێت"

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بە 6 خاڵ وەڵامی بەیاننامەكەی وەزارەتی نەوتی عێراق كە بریتییە لەمانەی خوارەوە:-

1- ئەوەی ڕاستی بێت لە بەیانەکەدا هەموو ڕەهەندەکانی کێشەکە باس نەکراون و بابەتەکەیان شێواندووە و هەوڵی تۆمەتبارکردنی هەرێمی کوردستانیان داوە بۆ چەواشەکردنی رای گشتی.

2- حکوومەتی ئیستای بەغدا لە مانگی یەکەوە ئابلووقەیەکی خنکێنەری بە بیانووی جێگیرکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا خستووەتە سەر هەرێمی کوردستان و ڕێگە نادات دۆلار بۆ بازرگانەکانی کوردستان بەردەست بێت و لەو کاتەوە، هیچ جوولەیەکی بازرگانی نەماوە و ئامادە نییە کاتی پێویست بۆ هەرێم تەرخان بکات بو جێگیرکردنی سیستەمەکە، کە هەر لە سەرەتای ئەم قەیرانەوە داوامان کردووە.

3- میلیشیاکانی لە یاسا دەرچوو، هەموو کێڵگە و پالاوگەکانی نەوت و گاز و وزەی هەرێمیان کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامی ئەم هێرشە تیروریستیانەدا، بەرهەمهێنان وەستاوە و هیچ بەرهەمێکی نەوتی نەماوە لە کوردستان تا هەناردەی دەرەوە بکرێت.

4- بەغدا ئامادە نییە ڕووبەڕووی ئەو هێرشە تیروریستیانە ببێتەوە کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و رێگرییان لێ بکات. تا ئێستا هیچ رێکارێکی کاریگەر بەدی ناکرێت بۆ وەستاندنی ئەم هێرشانە.

5- بەشێکی زۆری ئەم هێرشبەرانە لە بەغدا مووچە وەردەگرن و پڕچەک کراون و پارەدار دەکرێن، لە کاتێکدا کە مووچەی خەڵکی کوردستان هەمیشە دوا دەکەوێت و کەمتر لە گوژمەی پێویست دەنێردرێت.

6- هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک ئامادەیی خۆی دەربڕیوە کە عێراق و هەرێمی کوردستان لەم قەیرانە دەرباز بکات و ئەمە چەندین جارە داوا لە بەغدا دەکەین گفتگۆیەکی بنیادنەر بۆ چارەسەری کۆی ئەم کێشانە دەست پێ بکرێت، بەڵام داواکاری ئێمە پشتگوێ خراوە و هەوڵ دراوە ئەجندای نا دەستووری و نا یاسایی لەسەر هەرێم بسەپێندرێت.

جارێکی دیکەش دووپاتی دەکەینەوە کە ئامادەین بۆ ئەوەی هەرچی زووترە، تیمە پسپۆرەکان لە سەر ئەم خاڵانەی جێی ناکۆکین دانیشتن بکەن و بگەینە ئەنجامێکی خێرای وا کە هەموو عێراق لیێ سوودمەند بێت و کوردستانیش چیتر ستەمی لێ نەکرێت.

وەزارەتی سامانە سروشتیەکان

حکوومەتی هەرێمی کوردستان

2026/3/15

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.