Erbil 31°C چوارشەممە 19 ئاب 21:30

وەزارەتی داد لەبارەی مەترسیی هێرشە موشەکییەکانی سەر زیندانی کەرخی ناوەندی هۆشداری دەدات

کوردستان TV
100%

وەزارەتی دادی عێراق، نیگەرانیی خۆی لەبارەی دووبارەبوونەوەی هێرشە موشەکییەکان بۆ سەر دەوروبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و زیندانی کەرخی ناوەندی دەربڕی و هۆشداری لە مەترسیی تێکچوونی ئاسایشی زیندانەکە دەدات.

ئەمڕۆ یەکشەممە 15ـی ئادار، ئەحمەد لەعێبی، گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتی داد ڕایگەیاند: لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ناوچەکانی دەوروبەری فڕۆکەخانەی بەغدا و زیندانی کەرخی ناوەندی ڕووبەڕووی هێرشی توند بوونەتەوە، تەنها لە کاتژمێر 6:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆوە تاوەکو ئێستا 6 موشەک لە نزیک زیندانەکە کەوتوونەتە خوارەوە.

گوتەبێژەکەی وەزارەتی داد جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هێرشانە مەترسیی ڕاستەقینە بۆ سەر ئاسایشی زیندانەکە دروست دەکەن، بەتایبەت کە ئەو زیندانە ژمارەیەکی زۆر لە تیرۆریستە مەترسیدارەکانی تێدایە. وتیشی، مەترسی هەیە ئەم هێرشانە کاریگەری بکەنە سەر پلانە ئەمنییەکان و زیان بە ژێرخانی زیندانەکە بگەیەنن.

لەکۆتاییدا، وەزارەتی داد دڵنیایی دایە هاووڵاتییان کە هێزە ئەمنییەکان ڕێکاری توندیان گرتووەتە بەر بۆ پاراستنی ئاسایشی زیندانەکە، بەڵام بەردەوامیی کەوتنی موشەکەکان لە نزیک ئەو شوێنە ستراتیژییە جێگەی نیگەرانییەکی زۆرە.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.