فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا (سێنتكۆم) ئەمڕۆ هەینی بەفەرمی كوژرانی چوار ئەندامی تیمی ئەو فڕۆكەیەی راگەیاند كە شەوی رابردوو لە رۆژئاوای عێراق خرابووە خوارەوە.
فەرماندەی ناوەندیی ئەمریكا لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاند: تەرمی چوار لە ئەندامانی تیمی فڕۆكەوانی فڕۆكەكەمان دۆزیوەتەوە، هەوڵەكانیش بۆ دۆزینەوەی ئەوانی دیكە بەردەومە.
شەوی رابردوو دوو فڕۆكەی تایبەتی سوپای ئەمریكا لە جۆری (KC-135) كە كاریان هەڵگرتن و گواستنەوەی سووتەمەنی بووە لە رۆژئاوای عێراق پێكران، یەكێكیان خرایە خوارەوە، ئەوەی دیكەیان خۆی گەیاندە فڕۆكەخانە و بە سەلامەتی نیشتەوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی فەرماندەی ناوەندیی ئەمریكا بڵاوی كردۆتەوە، فڕۆكەكە 6 ئەندامی تیمی فڕۆكەوانی تێدابووە، تەرمی چوار لە ئەندامەكان دۆزراوەتەوە، بەڵام چارەنووسی دووانەكەی دیكە تا ئێستا دیار نییە.
سێنتكۆم ئاماژەی بەوەداوە كە هەردوو فڕۆكەكە لەلایەن گرووپ و میلیشیاكانی سەر بە ئێران لە رۆژئاوای عێراق هێرشیان كرابووە سەر.
هەر ئەمڕۆ هەینی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بەفەرمی بەرپرسیارەتی خۆی لە خستنەخوارەوەی فڕۆكە گرتەئەستۆ و لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند "لەپێناو بەرگریكردن لە سەروەری خاك و ئاسمانی وڵاتەكەمان كە لەلایەن فڕۆكەكانی داگیركەرەوە پێشێلكراوە، موجاهیدەكانمان توانییان بە چەكێكی تایبەت فڕۆكەیەكی ئەمریكی لە جۆری (KC-135) لە رۆژئاوای عێراق بخەنەخوارەوە".
مقاوەمەی ئیسلامی هەروەها رایگەیاند "موجاهیدەكانمان هەروەها فڕۆكەیەكی دیكەشیان هەر لە جۆری (KC-135) كردبووە ئامانج، بەڵام ئەمەیان رزگاری ببوو و بەناچاری خۆی گەیاندبووە فڕۆكەخانەیەكی دوژمن".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.