سوپای پاسدارانی ئێران هۆشداری توندی دایە هەر كەسێك بیەوێت خۆپیشاندان بۆ گۆڕینی دەسەڵات و رژێمی ئێران ئەنجام بدات، جەختی كردەوە كە بەتوندترین شێوە وەڵام دەدرێنەوە.
سوپای پاسداران ئەمڕۆ هەینی لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاند: دوژمن كە لە مەیدانی شەر شكستی هێناوە، ئێستا دەیەوێت هەوڵی نانەوەی پشێوی و كاری تێكدەرانە و خۆپیشاندان ئەنجام بدات و دووبارە ترس و دڵەڕاوكێ لەناوخۆی ئێران دروست بكات.
سوپای پاسداران راشیگەیاند: هەر كەسێك بیەوێت خۆپیشاندان ئەنجام بدات، زۆر بەهێزتر لە خۆپیشاندانەكانی سەرەتای ئەمساڵ وەڵام دەدرێتەوە.
ئەمە لەكاتێكدایە كە هەر لە سەرەتا و دەستپێكی هێرشەكان، ئەمریكا و ئیسرائیل بەردەوام داوا لە خەڵكی ئێران دەكەن دەست بە خۆپیشاندان بكەن بۆ بەدەستهێنانی ئازادییان و گۆڕینی رژێمی ئێران كە نزیكەی نیو سەدەیە دەستی بە كورسی دەسەڵات گرتووە.
دەسەڵاتدارانی ئێران پێشتر دانیان بەوەدانابوو كە لە خۆپیشاندانەكانی سەرەتای ئەمساڵ لە ناوخۆی ئێران، زیاتر لە 3 هەزار كەس گیانیان لەدەست دا كە بەشێكیان ئەندامانی سوپا و هێزە ئەمنییەكان بوون.
بەڵام بەشێك لە رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ لە ئێران ئاماژەیان بەوە دابوو كە ژمارەی قوربانییەكان زۆر لەوە زیاترە لە ئێران بڵاوی كردۆتەوە، بگرە زیاتر لە 7 هەزار خەڵكی سڤیل بەدەست هێزە ئەمنییەكان لەسێدارەدران و كوژران.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.