Erbil 31°C یەکشەممە 21 حوزەیران 21:02

یەكەم پەیامی موجتەبا خامەنەیی بڵاوكرایەوە

کوردستان TV
100%

موجتەبا خامەنەیی دوای هەڵبژاردنی وەك رابەری نوێی كۆماری ئیسلامی ئێران، ئەمڕۆ پێنجشەممە یەكەم پەیامی خۆی بەشێوەی نووسراو بڵاو كردەوە.

موجتەبا خامەنەیی كە سەرەتای ئەم هەفتەیە لەلایەن ئەنجوومەنی زانایانی ئێران بە رابەری نوێی كۆماری ئیسلامی ئێران هەڵبژێردرا، لە دەستپێكی پەیامەكەیدا پرسە و سەرەخۆشی بەهۆی كوژرانی باوكی عەلی خامەنەیی رابەری كۆماری ئیسلامی ئێران و هەموو ئەوانەی لە ئەنجامی هێرشەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل كوژراون راگەیاند.

موجتەبا خامەنەیی لە پەیامەكەدا هەروەها رایگەیاند "توانیمان هەوڵێكی گەورەی دابەشكردنی وڵات لەلایەن دوژمنەوە پووچەڵ بكەینەوە".

سەبارەت بە هەڵبژاردنی وەك رابەری نوێی كۆماری ئیسلامی ئێران، موجتەبا خامەنەیی جەختی كردەوە كە ئەویش ئاگاداری پڕۆسەكە نەبووە و وەك زۆربەی خەڵكی لە تەلەفزیۆن و دەزگاكانی رایگەیاندنەوە هەواڵەكەی زانیوە.

رابەری نوێی كۆماری ئیسلامی ئێران لە پەیامەكەدا هەروەها رایگەیاند: ئێران لە رۆژانی رابردوو و ئێستاش لەلایەن بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە هێرشی دەكرێتە سەر.

نەشی شاردەوە كە "ئێستاش پەیوەندییان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە زۆر باشە، بەڵام ئێران تەنیا بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە بۆردومان دەكات.

سەبارەت بە ژمارەی ئەندامانی خێزانەكەی كە لە هێرشەكەی سەر تاران لەگەڵ باوكی عەلی خامەنەیی كوژران، موجتەبا خامەنەیی گوتی "هاوسەرەكەم، خوشكەكەم و هاوسەر و منداڵەكەی كوژراون".

موجتەبا خامەنەیی ئاماژەی بەوەش دا كە پاشەكشە ناكەن لە تۆڵەكردنەوەی خوێنی باوكی و سەرجەم منداڵانی ئێران بەتایبەت ئەوانەی لە قوتابخانەی (شەجەرەی تەیبە) لە ناوچەی میناب كرانە ئامانج.

سەبارەت بە داخستنی گەرووی هورمز بەڕووی كەشتییە نەوتی و بازرگانییەكان، موجتەبا خامەنەیی گوتی "ئامرازێكی كاریگەرە و پێویستە داخستنی گەرووەكە بەردەوام بێت".

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.