یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ڕایگەیاند؛ شەڕی هاوبەشی وڵاتەکەی و ئەمریکا دژی ئێران "تا ئەو کاتەی پێویست بێت" بەردەوام دەبێت، جەختیشی کردەوە کە هێرشەکان زیانی زۆر و کوشندەیان بە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی گەیاندووە.
یسرائیل کاتز گوتی: "ئەم ئۆپەراسیۆنە بەبێ هیچ سنوورێکی کاتی بەردەوام دەبێت، تاوەکوو هەوو ئامانجەکانمان دەپێکین و ئەنجامی جەنگەکە یەکلایی دەکەینەوە". بەگوێرەی گوتەکانی وەزیری بەرگری ئیسرائیل، ساردکەرەوەکانی تەرم لە نەخۆشخانەکانی ئێران پڕبوونەتەوە و جەختیشی کردەوە کە کوژراوەکان خەڵکی مەدەنی نین.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند، هێرشەکان بۆ سەر تاران و ناوچەکانی دیکەی ئێران "ڕۆژ لە دوای ڕۆژ و ئامانج لە دوای ئامانج" بەردەوام دەبن.
شایەنی باسە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ـی شوباتی ڕابردوو هێرشێکی فراوانیان بۆ سەر ئێران دەستپێکرد، هەر لە ڕۆژی یەکەمدا بووە هۆی کوژرانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی.
وەزیری بەرگری ئیسرائیل گوتیشی، ئامانجی بەردەوامیی ئەم هێرشانە "ڕەخساندنی دەرفەتە بۆ گەلی ئێران تاوەکوو ڕاپەڕین بکەن و ئەم ڕژێمە لابەرن، چونکە لە کۆتاییدا ئەمە بابەتێکە پەیوەستە بە خودی گەلەکەوە."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.