Erbil 31°C دووشەممە 22 حوزەیران 22:27

ئەمریکا لەناوبردنی دامەزراوە ئەتۆمییە ستراتیژییەکانی ئێرانی ڕاگەیاند

کوردستان TV
100%

ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاشکرای کرد، وڵاتەکەی توانیویەتی سەرجەم دامەزراوە ستراتیژییەکانی پیتاندن و گۆڕینی یۆرانیۆم لە ناوچەکانی نەتەنز، ئیسفەهان و فۆردۆ لە ناو خاکی ئێران بەتەواوی خاپوور بکات.

ستیڤ ویتکۆف ڕایگەیاند؛ واشنتن بە تارانی ڕاگەیاندووە کە ڕێگریکردن لە پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران مافێکی حاشاهەڵنەگری ئەمریکایە لەپێناو پاراستنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا.

بەگوێرەی زانیارییەکانی نێردەی تایبەتی ئەمریکا، تاران خاوەنی 460 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو بووە بە ئاستی 60%، کە تەنیا 7 بۆ 10 ڕۆژی مابوو بگاتە ئاستی (Weapons-grade) بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی. ناوبراو ئاماژەی بە لێدوانێکی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد و گوتی: "ئەگەر ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییە ئەنجام نەدرابا، تاران تەنیا 2 هەفتەی مابوو ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."

سەبارەت بە شکستی هەوڵە دیپلۆماسییەکان، ویتکۆف ئاشکرای کرد کە لە 3ـی ئاداری ڕابردوو پێشنیازێکیان دابووە ئێران بۆ دابینکردنی سووتەمەنی ئەتۆمی لە دەرەوەی وڵات، بە مەرجێک پیتاندن لە ناوخۆ ڕابگرێت، بەڵام تاران بە توندی ڕەتیکردووەتەوە. نێردەی ئەمریکا پێیوایە ئەم هەڵوێستەی تاران و شانازیکردنیان بە بڕی یۆرانیۆمی پیتێنراو، بەڵگەیەکی ڕوون بوو لەسەر نیازی ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.