Erbil 31°C شەممە 20 حوزەیران 19:14

وەزارەتی دارایی: دواین گوژمەی مووچەی مانگی شوبات گەیشت و مووچە دابەش دەکرێت

کوردستان TV
100%

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دواین بڕی پارەی پێویست بۆ تەمویلی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران گەیشتووەتە هەولێر و ڕێکارەکان بۆ دەستپێکردنی دابەشکردنی مووچە دەستیان پێ کردووە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 9ـی ئادار، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: بڕی 295 ملیار و 450 ملیۆن دینار وەک دواین گوژمەی تەمویلی مووچەی مانگی شوبات، خراوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.

وەزارەت ئاماژەی بەوەش کردووە، هەر ئەمڕۆ دوای تەواوکردنی ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان و وەرگرتنی پارەکە، خشتەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران ڕادەگەیەنرێت و دەستبەجێ پرۆسەی دابەشکردنی مووچە دەست پێ دەکات.

هەروەها وەزارەتی دارایی ڕاشیگەیاند: بۆ ئەم مانگەش وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بڕی 16ملیار و 107ملیۆن و 881 هەزار دیناری لە تەمویلی مووچە بڕیوە، کە ئەم بڕە پارەیە شایستەی مووچەی مانگەکانی ڕابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی بووە.

هاوکات وەزارەتی دارایی نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە لەوەی کە حکوومەتی ناوەندی بۆ ئەم مانگەش بڕی ئەو 36 ملیار و 360 ملیۆن و 864 هەزار دینارەی خەرج نەکردووەتەوە کە مانگی ڕابردوو لە مووچەی مانگی کانوونی دووەم بڕیبووی. ئەم بڕە پارەیە شایستەی ساڵی ڕابردووی خانەنشینانی سەربازی، شارستانی و کەمئەندامانی سەنگەر بووە.

وەزارەتی دارایی جەختی کردووەتەوە کە سەرەڕای ناردنی نووسراوی فەرمی و ڕەوانەکردنی تیمی تەکنیکی بۆ بەغدا و پێشکەشکردنی هەموو ڕوونکردنەوە پێویستەکان، بەڵام تا ئێستا ئەو شایستە داراییانە خەرج نەکراون.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.