شارەزایەكی كەشناسی پێشبینی كرد بەرەبەیانی سبەی دووشەممە لە زۆربەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دیاردەی تەمومژ دروست ببێت، بۆ رۆژانی جەژن و نەورۆزیش بەهەمانشێوە پێشبینی كرد كەشوهەوای زۆربەی ناوچەكان باراناوی بێت.
هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی شارەزای كەشناسی رایدەگەیەنێت: بەهۆی بەرزی شێ و دابەزینی پلەکانی گەرما، درەنگانی ئەمشەو بۆ کاتی بەرەبەیان لە بەشێکی زۆری ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دیاردەی تەمومژ ڕوو دەدات و دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی مەودای بینین، بۆیە پێویستە لەسەر شۆڤێران لە هێڵەکانی دەرەوە بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن.
راشیگەیاند: درەنگانی ئەمشەو کاریگەری ئەو شەپۆڵە بەفر و بارانبارینەی ڕووی کردۆتە هەرێمی کوردستان، بەرەو لاوازبوون دەچێت، سبەی دووشەممە کەشوهەوای سەرجەم ناوچەکان سەقامگیر و ئاسایی دەبێتەوە و پلەکانی گەرما 3-4 پلە سیلیزی بەرز دەبێتەوە .
شارەزاكەی كەشناسی ئاماژەی بەوەش دا: لە کۆتایی ئەم هەفتەیە و رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو شەپۆڵێکی دیكەی بارانی بەهێز تەواوی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، لە هەندێك ناوچە بڕی بارانبارین ئەگەری زیاتر لە 100 ملم هەیە.
جەختیشی كردەوە كە لە شەپۆلەكەی رۆژی پێنجشەممە لە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی كوردستان مەترسی دروستبوونی لافاوی لێ دەکرێت.
ئەو شارەزایەی كەشناسی لە كۆتاییدا بۆ ڕۆژانی جەژن و نەورۆز پێشبینی كرد كەشوهەوا باراناوی بێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.