Erbil 31°C یەکشەممە 05 تەمووز 17:27

ترەمپ: بڕێکی بێسنوور چەکمان هەیە کە لە باشترین چەکەکانی وڵاتانی تری جیهان باشترن

کوردستان TV
100%


دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە پەیامێکی نوێدا لە ڕێگەی هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس سۆشیال" ، زانیاریی نوێی دەربارەی توانای سەربازی و کۆگاکانی چەکی وڵاتەکەی ئاشکرا کرد و هاوکات هێرشی توندی کردە سەر ئیدارەی پێشوو.

ترەمپ ڕایگەیاند کۆگاکانی تەقەمەنیی ئەمریکا لە ئاستی مامناوەند و سەروو مامناوەند لە باشترین دۆخی مێژوویی خۆیاندایە. ئاماژەی بەوە کرد کە "بڕێکی بێسنوور" لەو چەکانەیان لەبەردەستە کە بە وتەی ئەو، لە باشترین چەکەکانی وڵاتانی تری جیهان کوالێتییان بەرزترە. ترەمپ جەختی کردەوە کە بەو چەکانە ئەمریکا دەتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژ و بە سەرکەوتوویی هەر جەنگێک ئەنجام بدات.

لە پەیامەکەیدا، ترەمپ هێرشی توندی کردە سەر جۆ بایدن و بە "بایدنی خەواڵوو" وەسفی کرد. تۆمەتباری کرد بەوەی پارە و چەکی پێشکەوتووی ئەمریکای بە بەهای سەدان ملیار دۆلار بە "خۆڕایی" بەخشیوە بە ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، بەبێ ئەوەی هەوڵی پڕکردنەوەی ئەو شوێنەوارە بدات کە لە جبەخانەی ئەمریکا دروستی کردووە.

سەبارەت بە چەکە هەرە پێشکەوتووەکان، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە بڕێکی باشیان هەیە، بەڵام هێشتا نەگەیشتوونەتە ئەو ئاستەی مەبەستیانە، و ئاشکرای کرد بڕێکی زۆر چەکی ئاستبەرز لە وڵاتانی هاوپەیمان بۆ ئەمریکا کۆگا کراون.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ترەمپ جەختی کردەوە کە ئەو لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیدا سوپای دووبارە بونیاد ناوەتەوە و ئێستاش لەسەر ئەو کارە بەردەوامە، و ڕایگەیاند: "ویلایەتە یەکگرتووەکان پڕچەک کراوە و ئامادەیە بۆ سەرکەوتنێکی گەورە".

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.