Erbil 31°C پێنجشەممە 11 حوزەیران 01:23

د. سامان بەرزنجی بۆ هاووڵاتییان: دەرمان گران نەبووە و پارەی زیاتر لە نرخی ستیكەر نەدەن

کوردستان TV
100%

وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جەختی كردەوە كە هیچ دەرمان و پێداویستییەكی پزیشکی گران نەبووە، داواشی لە هاووڵاتییان كرد لە کاتی کڕینی هەر دەرمانێك پارەی زیاتر لەو نرخە نەدەن کە لەسەر ستیکەری حکوومەت دیاری کراوە.

د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی ئەمڕۆ دووشەممە هەموو ئەو پلان و ئامادەکارییانەی وەزارەتەكەی خستەروو كە بۆ هەر پێشهاتێک و ئەگەرێکی نەخوازراو داڕێژراون.

پلان و ئامادەکارییەكان بەشێوەیكی گشتی بریتین لەمانەی خوارەوە:-

-  هاووڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە، لە کەرتی گشتی و تایبەت، بڕێکی باشی دەرمان و پێداویستی پزیشکی لە کۆمپانیاکان و کۆگاکان هەیە پێویست بە دڵەڕاوکێ ناکات.

-  پێویست ناکات هاووڵاتییان بڕی زیاتر لە پێویست دەرمان بکڕن بۆ هەڵگرتن، تەنها ژەمەکانی بڕیاردراو بەو بڕەی لەلایەن پزیشکی چارەسەر دیاریکراوە بەسە بۆ دابینکردن.

-  هیچ دەرمان و پێداویستی پزیشکی گران نەبووە، پێویستە هاووڵاتییان لە کاتی کڕینی دەرمان و پێداویستی، پارەی زیاتر لەو نرخە نەدەن کە لەسەر ستیکەری حکوومەت دیاریکراوە.

-  هەوڵ و ڕێکاری زیاتر دەگیرێتە بەر بۆ دابینکردنی زیاتری دەرمان و پێداویستی پزیشکی پێویست بۆ نەخۆشخانەکان و فریاکەوتنەکان و هۆڵەکانی نەشتەرگەری و چاودێری چڕ، وەک بەشێک لە پلانی فریاگوزاری ئامادەکراو.

-  لەڕێگەی پلانێکی فریاگوزاری خێرا، ڕەچاوی پێداویستی و جۆر و قەبارەی هەر ڕووداوێک بۆ ئامادەکارییەکانی بواری تەندروستی کراوە.

-  پلان و ئامادەکاری تیمەکانی پزیشکی گەڕۆک، تیمەکانی پزیشکی فریاکەوتن و تیمەکانی فریاگوزاری خێرا و ئەمبوڵانس کراوە لە هەر شوێنێکی ڕووداو و پێشگەیشتن بە نەخۆشخانە.

-  سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی گشتی تەندروستی ڕاسپێردراون بۆ ئامادەباشی پێشوازی فریاکەوتنەکان و ئێشکگری پزیشکان و کارمەندان و بەردەستبوونی دەرمان و پێداویستی پزیشکی پێویست.

-  لە کاتی پێویستی فریاکەوتن، هاووڵاتییان دەتوانن پەیوەندی بە ژمارە 122ی ئەمبوڵانس بکەن، هەروەها لە کاتی بەدیکردنی هەر سەرپێچی و کەمتەرخەمییەک دەتوانن پەیوەندی بە هێڵە گەرمەکان و سندووقی سکاڵاکان بکەن.

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.