Erbil 31°C چوارشەممە 08 تەمووز 02:43

ئەمریکا و ئێران لە جنێڤ کۆدەبنەوە؛ واشنتۆن پرسی موشەکی و ڕێککەوتنی هەمیشەیی دەکاتە مەرج

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی شوباتی 2026، شاندەکانی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە جنێڤی پایتەختی سویسرا، گەڕێکی دیکەی دانوستانە "ناڕاستەوخۆکان" سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران و کەمکردنەوەی گرژییەکان دەست پێ دەکەن. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش دەڵێ پرسی بەرنامەی مووشەکیی ئێران و هەمیشەیی بوونی ڕێککەوتن، مەرجی سەرکەوتنی دانوستانەکانن.

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند کە ڕەتکردنەوەی دانوستان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە سەبارەت بە بەرنامە موشەکییەکەی، "بەربەستێکی گەورەیە" لەبەردەم پێشکەوتنی گفتوگۆکان. ڕوبیۆ هۆشداری دا کە موشەکە بالیستیکەکانی ئێران هەڕەشەیەکی جددین و وتی: "تاران لەسەر ڕێگەی دروستکردنی ئەو موشەکانەیە کە لە کۆتاییدا دەگەنە خاکی ئەمریکا." هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستا هەزاران موشەکی مەودا کورت لە ناوچەکەدا هەڕەشە لە بنکەکانی ئەمریکا و وڵاتانی وەک سعودیە، قەتەر و ئیمارات دەکەن.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە دۆناڵد ترامپ "ڕێگەی دیپلۆماسی پێ باشترە" و دەیەوێت بگاتە چارەسەر، بەڵام وتیشی: "دەبێت لە کۆتاییدا دانوستان لەسەر شتی زیاتر لە بەرنامەی ئەتۆمی بکەین."

هاوکات، ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" بڵاوی کردەوە کە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی کۆشکی سپی، لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا باسی لەوە کردووە کە هەر ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئێران دەبێت "بێ کات و بێ ڕێکەوتی بەسەرچوون"  بێت. ویتکۆف وتوویەتی: "پێشمەرجی ئێمە ئەوەیە کە ئێران دەبێت تا کۆتایی تەمەنی بە دروستی ڕەفتار بکات." بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئێستا تیشکی سەرەکیی دانوستانەکان لەسەر ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم و چارەنووسی کۆگاکانی یۆرانیۆمی 60٠٪ پیتێنراوی ئێرانە.

لەلایەکی دیکەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی وڵاتەکەی گەیشتووەتە جنێڤ. هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی ئەم گەڕەی دانوستانەکان، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، گەشبینی خۆی نیشان دا و ڕایگەیاند: "ئاسۆیەکی باش لە دانوستانەکاندا دەبینین."

 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.