ده‌نگێكى خۆش و چريكهيهكى به‌رز، هونه‌رمه‌ندێكى كوردپه‌روه‌ر ...!
توخوا سا (ڕه‌شۆڵ ) تۆش قهتارهكهت
سه‌داى سوب سه‌حه‌ر پاى كۆسارهكهت
به‌ڵكو بێنه جۆش نه‌وجه‌وانانمان
تێكۆشن بهعيلم بۆ خان و مانمان ( پيره‌مێرد)
ئاوڕدانهوهيهك له‌مێژووى ئه‌ديب و ڕۆشنبيران هونه‌رمه‌ندانى دوێنى گه‌له‌كه‌مان ، كارێكى پێويست و به‌نرخه چونكه ئه‌وان له‌وڕۆژانه‌دا به‌هه‌موو هه‌وڵێكى دڵسۆزانه‌و خۆنه‌ويستانه تێكۆشاون بۆ ئامانجێك ئه‌ويش ڕێزگرتن و بهرزنرخاندنى نهتهوهكهيانه له‌و بواره‌دا كه بۆى تێكۆشاون ،ده‌بێت ئه‌وه‌ش ڕه‌چاو بكه‌ين كه ئه‌وان له‌و كات و سه‌رده‌مه‌دا له‌چ بارودۆخێكى دژوارداببوون، به‌ڵام كۆڵييان نه‌داوه و ههربهردهوامبوون له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ست و تێكۆشان و دلسۆزييه بۆ فه‌رهه‌نگ و كه‌لتوور و ئه‌ده‌ب و هونه‌رى نه‌ته‌وه‌كه‌يان .
شاری سلیمانی له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌م تهمهنهييدا خاوه‌نی مێژووییه‌کی گه‌لێک جوان پڕ شانازییه له هه‌موو بواره‌کانی ژیاندا، به‌تایبه‌ت بواری هونه‌ری موزیک و گۆرانی که خاوه‌نی چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی ده‌نگ خۆش و بههرهمهندو ده‌ست و په‌نجه زێڕینه، هونه‌رمه‌ندانی وه‌ک ( ئه‌حه‌ی ناسر، مه‌لا که‌ریم ،حه‌مه‌ی به‌کر، مه‌حموی حه‌مه‌ی له‌یلێ ، قایه‌ری حاجی حسه‌ین، ئیبراهیم حه‌زین ، حه‌مه ساڵح دیلان، مه‌حموی تۆفیق شلک ، تالیب مه‌جید (ته‌له) ، ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ ، به‌کری حاجی سه‌عید (به‌کر قرقێنه ) و ڕه‌شۆڵ ،....تاد)
ده‌نگه خۆشه‌کانی هه‌ریه‌ک له‌م هونه‌رمه‌ندانه بۆن و به‌رامه‌یه‌ک و مۆرکی سلێمانی به‌ڕۆحمان ده‌به‌خشێت و ده‌مانباته‌وه بۆ گرده‌که‌ی یاره و کارێزی وه‌ستا شه‌ریف و وه‌یس و سه‌رچنارو کوچه‌و کۆڵانی گه‌ڕه‌که‌کانی شیوی قازی و چوارباخ و سه‌رشه‌قام و جوله‌کان و سه‌رکارێزو كانى ئاسكان و مه‌ڵکه‌ندی و حاجی حان .
ناوى (حاجى تۆفيق _پيرهمێردى شاعير و حاجى باقى بهنگينهو گرده‌كه‌ى ياره ) دێته گوێمان ، هونه‌رمه‌ندێكى ده‌نگ زوڵاڵ و خاوه‌ن چريكهيهكى به‌رز ده‌بێته هاوه‌ڵى ئه‌و ناوه جوان و به‌رزانه ، ئه‌ويش پياوێكى باڵابه‌رزى له‌ش و لار پڕى ئهسمهرڕهنگه،
( ئۆخه‌ی گرده‌که‌ی یاره ) ئه‌و گۆرانیه شیرین و بهچێژهیه هه‌رکات به‌ر گوێمان ده‌که‌ویت ، که‌سایه‌تیه‌کی دێڕین و هونه‌رمه‌ندێکی ده‌نگخۆش و دره‌وشاوه‌ى شارى سلیمانی وه‌ک(ره‌شۆڵ عه‌بدوڵڵا ) له‌ده‌رگای بیروهۆشمان ده‌دا که مێژوویه‌کی جوانى به هه‌ڵوێست و ده‌نگى خۆش و وته و نوكته‌ى خۆش و قسه له‌مست تۆمارکردووه .
هونه‌رمه‌ند ڕه‌شۆڵ ، ناوی ( ره‌شید حاجى عه‌بدوڵا ميرزاعهزيزميرزا فه‌تاحى بازرگان ) ناسراو به ( ره‌شۆڵ) ، زۆر جار له‌نێوه هاوڕێكانيدا به‌كاك ( ڕه‌شي ) يش بانگكراوه ،له‌بنه‌ڕه‌تدا بنه‌ماڵه‌كه‌ى خه‌ڵكى شارى (كۆيه ) ن، به‌ڵام زۆرله‌مێژه هاتوونه‌ته سلێمانى و نيشته‌جێ بوون، هونه‌رمه‌ند له ساڵی (1912 ) له‌گه‌ڕه‌کی سه‌رشه‌قامی شاری سلێمانی به دنیا هاتووه، حاجی عه‌بدوڵڵا باوکی به‌کاری بازرگانیه‌وه سه‌رقاڵ بووه، ره‌شۆڵ یش له‌سه‌ره‌تای لاوییه‌وه حه‌زی به هاوڕێیه‌تی گۆرانی بێ‌ژان و ده‌نگخۆشانی ئه‌وسه‌رده‌مه‌ی شار کردووه‌و له‌کۆڕو ئاهه‌نگ و شه‌و ئاهه‌نگه‌کانی ئه‌وکاتی شار دا به‌شداربووه ، هونه‌رمه‌ندانی ئه‌وسه‌رده‌مه‌ی سلێمانی که ره‌شۆڵ هه‌میشه هاوڕێ و به‌شداری ئاههنگهکانیانی کردوون وه‌ک ( ئه‌حه‌ی ناسر و زۆر دۆستی مه‌لاکه‌ریم بووه و حه‌مه ساڵح دیلان و حه‌مه‌ی به‌کر ) .
ڕه‌شۆڵ ، هونه‌رمه‌ندێكى نه‌خوێنده‌وار به‌ڵام خاوه‌ن پێگه‌يه‌كى كۆمه‌ڵايه‌تى فراوان و به‌رزو ڕێبوارێكى دڵسۆزى ڕێگا پيرۆزه‌كه‌ى كوردايه‌تى جگه‌له‌وه‌ی وه‌ک که‌سایه‌تیه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی سه‌رده‌می خۆی بۆته دۆست و خۆشه‌ویستی شێخ مه‌حمودی نه‌مرو شێخ له‌تیفی کوڕی شێخ مه‌حمود ، هه‌روه‌ها دۆستێكى نزيكى سه‌ركرده‌و ڕابه‌ڕى شۆڕشى كورد
( مه‌لا مسته‌فاى بارزانى ) بووه ، له‌نزيكه‌وه به‌خزمه‌تى بارزانى نه‌مر گه‌يشتووه.
په‌يوه‌ندييه‌كى كۆمه‌ڵايه‌تى پته‌وى هه‌بووه له‌ته‌ك كه‌سايه‌تى و ڕۆشنبيران و ئه‌ديبان و شاعيران دا هه‌بووه وه‌ك ( برايم ئه‌حمه‌د ، پيره‌مێرد و بێكه‌س )
هونه‌رمه‌ند ره‌شۆڵ له‌پاڵ بێکه‌سی شاعیر‌و ره‌مزی مه‌لا مارفى شاعير و عه‌وله سیس و چه‌ندین که‌سایه‌تی دیکه‌ی شار به‌شداری ڕاپه‌رینه‌که‌ی به‌رده‌رکی سه‌رای سلێمانی له (6 ی ئه‌یلولی 1930) دا کردووه، دواى خوێن به‌خشين و قوربانيدان و شه‌هيدكردنى ڕۆڵه دڵسۆزه‌كانى شارى سلێمانى به‌ده‌ستى ئينگليز، ڕهشۆڵى هونه‌رمه‌ند يه‌كێك ده‌بێت لهگيراوهكانى ئه‌و ڕاپهڕينه و زيندانى ده‌كرێت.
کاتێک شێخ مه‌حمودى نه‌مر له‌شه‌ڕی ئاوباریک به‌هاوکاری عه‌شره‌ته‌کانی جاف و زه‌نگه‌نه‌و ده‌لۆ دژ به سوپای عێراق جه‌نگاوه ، بۆ ئه‌و شه‌ڕه قارهمانانهيهو خۆڕ‌اگرى هێزه‌كانى شێخ مه‌حمود، ره‌شۆڵی هونه‌رمه‌ند گۆرانی و مه‌قامی ( هه‌ڵمه‌تبه‌رن بهلاوکی کوردی و قه‌تاره‌وه )ى خوێندوه، له‌هه‌ر لایه‌ک ده‌نگ و سه‌دای راپه‌رین و شۆڕشێكى نه‌ته‌وه‌یی کورد بوونى هه‌بوو بێت ،(*1)
ره‌شۆڵ هه‌ستى كوردايه‌تى لهدهروونيدا قوڵپى داوه ، هه‌ر له‌سه‌ره‌تای شۆڕشی ئه‌یلووله‌وه له‌ساڵى (1961) ڕهشۆڵى هونه‌رمه‌ند و كوردپه‌روه‌ر، لایه‌نگرو خه‌باتکارێکی ئه‌و شۆرشه مه‌زنه بووه.
هونه‌رمه‌ند له‌سه‌ره‌تاى سييه‌كانى سه‌ده‌ى پێشوو هاتۆته نێو دنياى خۆشخوانى و چڕينى به‌سته‌و مه‌قام ، ده‌نگى پڕ سۆز‌و خاوه‌ن چريكه‌ى به‌رزو زۆڵاڵى ڕه‌شۆڵ ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێ كه هاوته‌ريبه له‌گه‌ڵ ده‌نگى به‌رز و چريكه ئاساى هونه‌رمه‌ندان( سه‌يد عه‌لى ئه‌سغه‌رى كوردستانى و مهلاكهريمى سابڵاخى ) وه له‌نزيكه‌وه بهخزمهتييان گه‌يشتووه و سوودى لهچريكهو تۆنى ده‌نگ و سۆزى به‌رزى خوێندنى ئه‌و دوو هونه‌رمه‌نده گه‌وره‌يه وه‌رگرتووه و خۆى په‌روه‌رده كردووه.
لهسييهكانى سه‌ده‌ى پێشوو ته‌نها كۆمپانياكانى قه‌وان تۆماركردن له‌شارى به‌غدا هه‌بوون ، به‌هۆى كه‌سايه‌تى ديار و ڕۆشنبير و خه‌مخۆرى هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندان ( عومه‌ر قه‌زاز) ، دووجار هونه‌رمه‌ند ( مهلاكهريمى سابڵاخى ) له‌گه‌ڵ خۆي‌دا بردووه بۆ به‌غدا بۆ مه‌به‌ستى تۆماركردنى به‌رهه‌مه‌كانى له‌سه‌ر قه‌وانی كۆمپانیاكانی وه‌ك ( ئۆدیۆن ، به‌یزافۆن و هس ماسترس ڤۆیس)، له‌ناوه‌ڕاستى سييهكاندا هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند ( مهلاكهريمى سابڵاخى و ڕه‌شۆڵ) ڕوو ده‌كه‌نه شارى به‌غدا و پێكه‌وه دوو گۆرانى و سرودێك له‌سه‌ر ( قه‌وان _ سه‌فحه) به‌ناوه‌كانى ( كه‌واى به‌رت ماهووته ) و( خاسێ تۆخانمى ) و سروودى ( دڵ لهدهردى وه‌ته‌ن) تۆمارده‌كه‌ن .
ئه‌وه ده‌رفه‌تێكى گرنگ ده‌بێت بۆ هونه‌رمه‌ند و له‌كۆڕو كۆبوونه‌وه و شه‌و ئاهه‌نگ و مه‌جليسى خۆشهويستانيدا به مه‌قام و به‌سته‌و قسه خۆشه‌كانى به‌شدارده‌بێت و هه‌موو كات خۆشيي و چێژ و خه‌نده‌ى پێ بهخشيوون،
دواى كردنه‌وه‌ى ڕاديۆى كوردى به‌غدا له‌ساڵى (1939) ، ئه‌و ڕاديۆيه هيوابه‌خش و تروسكاييه‌ك ده‌بێـت بۆ تۆماركردنى ده‌نگى به‌سۆزى هونه‌رمه‌ندان له‌ته‌واوى كوردستان ، له‌ساڵى (1949) هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند ( مه‌حمود محه‌مه‌د قادر ، ناسراو به مه‌حموى حه‌مه‌ى له‌يلێ ) و
( ڕه‌شۆڵ)چوونه‌ته ڕاديۆى كوردى به‌غدا ،پێكه‌وه چه‌ند مه‌قام و گۆرانييه‌ك تۆمارده‌كه‌ن ، وه‌ك ( گيان گيان و گيان ئازيزه‌كه‌م ) و (ئامێنێ نازهنينێ ) و ( ده‌ستم لێ مه‌ده‌ن) مهقامهكانى وه‌ك ( قه‌تار ، خاوكه‌ر ، ئهڵڵاوهيسى و خورشيدى ) (*2) .
دواى تۆماركردنى ئه‌و به‌سته و مه‌قامانه هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند ده‌بنه گۆرانيبێژيي هه‌ميشه‌يي ڕاديۆى كوردى به‌غدا، يه‌كه‌م ئاهه‌نگى تۆماركراوى هونه‌رمه‌ند ( ڕه‌شۆڵ عه‌بدوڵڵا) لهڕاديۆى كوردى به‌غدا له ڕێكه‌وتى ( 7/4/1949) بڵاوكراوه‌ته‌وه.(*3)
له‌ساڵى (1955) كاتێك تيپى مۆسيقاى مه‌وله‌وى به‌هه‌وڵى چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكى دڵسۆز داده‌مه‌زرێت ، هونه‌رمه‌ند ڕه‌شۆڵ عه‌بدوڵڵا له‌گه‌ڵ چه‌ند ده‌نگخۆشێكى شار ده‌بنه گۆرانيبێژى تيپى مۆسيقاى مه‌وله‌وى و به‌شدارى چالاكيي هونه‌ريي و بۆنه نه‌ته‌وايه‌تى و كۆمه‌ڵايه‌تيه‌كان له‌گه‌ڵ تيپى ناوبراودا ده‌كات.
له‌بارى كۆمه‌ڵايه‌تييه‌وه هونه‌رمه‌ند ژنى هێناوه ، ناوى ( ئه‌خته‌ر ) بووه،
پێويسته ئاماژه به‌ڕۆڵى ئه‌م شێره ژنه شه‌هيده بده‌ين و بزانين كێيه؟
(ئهختهرساڵح ئه‌حمه‌د مه‌حمود ) هاوسه‌رى ڕشۆڵ عه‌بدوڵڵاى هونه‌رمه‌ند بووه، پێوه‌ندييه‌كى سۆزدارى زۆرههبووه له نێوانياندا و ڕه‌شۆڵ زۆرى خۆشويستووه ، له‌ڕێكه‌وتى (9/10/1956)شێخ مه‌حمودى نه‌مر بهنهخۆشيي له‌شارى به‌غدا كۆچى دوايي ده‌كات، له‌ڕۆژى هێنانه‌وه‌ى ته‌رمى شێخ مه‌حمودى حه‌فید دا خه‌ڵكه‌كه داواى ئازادكردنى شێخ له‌تیفى حه‌فید كوڕى شێخ مه‌حمود ئه‌كه‌ن له‌و كاته‌دا زيندانى بووه له (سجنى سه‌ره‌وه ) ى شارى سلێمانى ،بۆ مه‌به‌ستى به‌شداريكردن له مه‌راسیمى به‌خاك سپاردنى ته‌رمى باوكى دا ، به‌ڵام به‌داخه‌وه ده‌سه‌ڵاتى ئه‌و كاتى مهليكى ڕێگر ده‌بێت، دواتر گرژى و ئاڵۆزى ده‌كه‌وێته‌وه نێوان خه‌ڵك و پۆليسه‌وه، له ڕێكه‌وتى( 11 /10/ 1956 ) ئه‌بێت به ته‌قه و ئه‌خته‌رى هاوسه‌رى ڕه‌شۆڵ له‌ناو خه‌ڵكى ڕاپه‌ڕيودا ، بهفيشهكى پياوانى ڕ‌ژێمى ئه‌وساى عێراق خه‌ڵتانى خوێن ده‌كرێ و شه‌هید ده‌كرێت، وه چه‌ند كه‌سێكى تریش له‌و ڕۆژه‌یا شه‌هید وبریندار بوون ، ئه‌خته‌رى شێره ژن ده‌بێته سمبولى قاره‌مانێتى ئافره‌تانى كورد دژ به داگيركه‌ران.
ئه‌و كاره‌ساته دژواره كاريگه‌ريي زۆر خراپ له‌سه‌ر هه‌ست و ده‌روون و هونه‌رى ڕه‌شۆڵ داده‌نێت و ماوه‌يه‌ك دوور ده‌كه‌وێته‌وه له‌كارى هونه‌رى ،
به‌ڵام به‌هه‌وڵ و هيمه‌تى دڵسۆزانه‌ى هاوڕێيان و ئه‌ندامانى تيپى مۆسيقاى مه‌وله‌وى هێدى هێدى ئه‌و خه‌مه‌ى دهڕهوێننهوهو دهيهێننهوه سه‌ر به‌زم و كۆڕگهرمكهر و ده‌رگاى نوكته‌و قسه خۆشه‌كانى وه‌ك جاران پێ ده‌كه‌نه‌وه،
ره‌شۆڵ عه‌بدوڵڵا له‌دوای له‌ده‌ست دانی ئه‌خته‌ری هاوسه‌ری، خێزان پێک دینێته‌وه خاتوو ( ناجیه) ده‌بیته هاوسه‌ری دووه‌می ، به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌هه‌ردوو هاوسه‌رى هونه‌رمه‌ند وه‌جاخى ڕۆشن نه‌بووه.
به‌داخه‌وه هيچ كات هونه‌ر له‌نێو كوردا نه‌بۆته سه‌رچاوه‌ى دابينكردنى ژيانى هونه‌رمه‌ند، ڕهشۆڵى هونه‌رمه‌ند وه‌ك هه‌موو هونه‌رمه‌ندانى سه‌رده‌مى خۆى لهپێناودابينكردنى بژێوى ژيانى چه‌ند كارێكى كردووه، وه‌ك به‌ڕێوه‌بردنى ( چايخانه ، چێشتخانه ، ميوانخانهو ماوه‌يه‌كيش كارى به‌ڵێنده‌رايه‌تى يانه‌ى فه‌رمانبه‌رانى سلێمانى كردووه ، هه‌رچه‌نده هونه‌رمه‌ند لهخانهوادهيهكى ده‌وڵه‌مه‌ندى شارى سلێمانى دا گه‌وره بووه، خاوه‌نى هه‌ڵوێستێكى جوامێرانه بووه كه هونه‌ره‌كه‌ى نه‌خستۆته بهرامبهربهدهستهێنانى پاره و ده‌ستكه‌وت ، به‌ڵكو له‌هه‌موو ئه‌و چالاكييه هونهرييانه كه بۆ خزمه‌تكردن و لێقه‌وماوان سازكراوه به‌شداربووه و جگه له‌خوێندنى گۆرانى ، پاره‌شى به‌خشيوه .
هونه‌رمه‌ند ڕه‌شۆڵ عه‌بدوڵڵا دۆستايه‌تى زۆر خۆش و فراوانى هه‌بووه له‌گه‌ڵ ته‌واوى هونه‌رمه‌ندانى تيپى مۆسيقاى مه‌وله‌وى و هونه‌رمه‌ندانى شاره‌كانى ديكه‌ى كوردستان ، به‌تايبه‌ت هونه‌رمه‌ندان ( عه‌لى مه‌ردان ، سێوه و باكورى )هه‌ركاتێك مامۆستا عه‌لى مه‌ردان هاتبێته شارى سلێمانى سه‌ردانى ڕهشۆڵى كردووه و له‌لاى ئه‌و ماوه‌ته‌وه و ياده‌وه‌رى خۆش و شيرينيان پێكه‌وه هه‌يه.
دواى ئه‌و كاره‌ساته تراژيديايهى له ڕێكه‌وتى ( 18/10/1957) لافاوه‌كه‌ى شارى سلێمانى ، كه زه‌ره‌ر و زيانێكى گيانى و ماڵى به‌شارى سلێمانى گه‌ياند ، تيپى مۆسيقاى مه‌وله‌وى بڕيار ده‌ده‌ن بۆ مه‌به‌ستى كۆكردنه‌وه‌ى كۆمه‌ك بۆ لێقه‌وماوان و زيان لێكهوتووانى لافاوه‌كه، ئاهه‌نگ سازبكه‌ن له‌سلێمانى و هه‌ولێر و كۆيه ، له‌رێكه‌وتى
( 13/11/1957) له‌شارى هه‌ولێر ئاهه‌نگ ساز ده‌كه‌ن و دواتر له‌شارى كۆيه ، هونه‌رمه‌ندانى به‌شداربووى ئاهه‌نگى كۆمه‌ك كۆكردنه‌وه بريتى بوون له ( حه‌مه ساڵه‌ح ديلان ، ڕه‌شۆڵ ، عوسمان سابوونچى
( له‌سلێمانى ) حه‌يده‌ر به‌قاڵ ، ڕه‌سوڵ گه‌ردى و مشكۆ ( له هه‌ولێر ) سێوه‌و باكورى ( له‌كۆيه) .
هونه‌رمه‌ند خاوه‌نى ده‌نگێكى به‌رز و تيژو زوڵاڵ بووه، توانايه‌كى باشى هه‌بووه له چرينى مه‌قامدا ، ده‌هێنێ شاره‌زايان و مامۆستايانى هونه‌ر له‌سه‌ر تۆن و ته‌به‌قه‌ى ده‌نگى ڕهشۆڵى هونه‌رمه‌ند توێژينه‌وه و خوێندنه‌وه‌ى وورد له‌سه‌ر مهقامهكانى بكرێت .
هونه‌رمه‌ند و مامۆستا (باكورى ) ده‌لێت ( كاك ڕهشۆڵى ده‌نگ زوڵاڵ و چريكه‌ى بولبول ئاسا ،ده‌ورێكى باڵاى هه‌بوو له‌بڵاوكردنه‌وه‌ى هۆشيارى ساده بهگوێگرتنيان له‌مه‌قامى ڕه‌سه‌نى كوردى و تام و چێژ وه‌رگرتن له‌و هونه‌ره جوانه كه ( مه‌قام ) و به‌سته فۆلكلۆرييهكانى له‌گه‌ڵ ئه‌و مه‌قامانه‌دا ده‌وترێت، خۆ ئه‌و مه‌قامه (ده‌شت ) ه ى تا ئێستا له‌هيچ گۆرانيبێژێكى ترم نه‌بيستووه كه وه‌ك ئه‌و چينى ده‌نگه ناسك و به‌رزه‌كه‌ى چڕيويهتى و ئاوا بيڵێ ) (*4)
ڕهشۆڵى هونه‌رمه‌ند و دڵسۆز‌و شه‌يداى خاك و نيشتمانه‌كه‌ى بوو ، زۆر جه‌ژنى نه‌ورۆزى خۆش ويستووه، بهتامهزرۆييهوه ئه‌و ياده‌ى به‌رز ڕاگرتووه، حاجى تۆفيق ( پيره‌مێرد ) ى شاعير زۆرى خۆش ويستووهو چێژى له‌ده‌نگه خۆش و به‌رزه‌كه‌ى وه‌رگرتووه، ته‌نانه‌ت پيره‌مێرد لههۆنراوهيهكيدا ناوى ڕهشۆڵى هێناوه‌و زۆر جار پيره‌مێرد دواوى لێكردووه به ( قه‌تار ) ئه‌و هۆنراوهيهى بۆ بخوێنێ ، ڕه‌شۆل يش زۆر به‌نه‌رمى ڕۆحى پيرهمێردى به‌ده‌نگه خۆشه‌كه‌ى ئارام كردۆته‌وه.
توخوا سا (ڕه‌شۆڵ ) تۆش قهتارهكهت
سه‌داى سوب سه‌حه‌ر پاى كۆسارهكهت (*5)
له‌ماوه‌ى ژيانى هونه‌ريدا ، هونه‌رمه‌ند چه‌ندين مه‌قام وگۆرانى بۆ ڕاديۆ و ته‌له‌فزيۆن تۆماركردووه، وه‌ك ( ئه‌م به‌ره‌و به‌ره، له‌به‌ر نازى چاوبازان ، گوڵاڵه سووره ،ساقى (مه‌قام) ، هه‌ڵمه‌تبه‌رن بهلاوکی کوردی و قه‌تاره‌وه(مه‌قام ) ،ساقى بۆم تێكه و چهندينى تر ، به‌ڵام له‌هه‌مووى به‌رجه‌سته تر مه‌قامى به‌ڕێكه‌وت ده‌ركه‌وت و به‌سته‌ى گرده‌كه‌ى يارهيه )
به‌ڕێكه‌وت ده‌ركه‌وت له‌گۆشه‌ى ڕه‌شماڵ
وه‌ك مانگ لهههورا بنوێنێ جه‌ماڵ ،،،، له‌هۆنراوه‌ى ( پيره‌مێرد )
به‌سته‌ى ( ئۆخه‌ى گرده‌كه‌ى ياره
چه‌ند شيرين و نازداره
ئه‌و كارێزه‌ى له‌به‌رپێى
ئاوى شيرينى شاره )
له‌هۆنراوه‌ى ( حاجى بهنگينهى شاعير )
له‌ڕێی ئه‌و مه‌قام و به‌سته جوان و پڕ چێژ‌و ده‌نگه زوڵاڵهكهيهوه خزمه‌تێكى زۆرى به‌ئاواز و مه‌قام و به‌سته‌ى كوردى كردووه ، له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو چالاكييه هونه‌رييه هه‌سته نه‌ته‌وه‌يي و كوردپهوهرييهكهى فه‌رامۆش نه‌كردووه، ئه‌گه‌ر ئاوڕێك له ژيانى كۆمه‌ڵايه‌تى و لايه‌نى خۆش مهشرهبى و به‌سه‌رهات و نوكته و قسه‌خۆشه‌كانى له‌نێو خۆشه‌ويستان و هاوڕێ كانى بدرێته‌وه دڵنيام كه كتێبێكى قه‌باره مام ناوه‌ندى ده‌رده‌چێت ، چونكه هونه‌رمه‌ند ڕه‌شۆڵ عه‌بدوڵڵا چه‌ند به‌مه‌قام و بهستهبێژيي ناسراوه ، ئه‌وه‌نده‌ش به‌كه‌سێكى نوكته زان و قسه له‌مست و خۆش مه‌حشه‌ر و فراوانى په‌يوه‌ندى كۆمه‌ڵايه‌تيش ناسراوه.
له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى شۆڕشى ئه‌يلول له‌ساڵى (1974) وه‌ك ههركوردێكى دڵسۆز بۆ خاك و نهتهوهكهيي خۆى ده‌گه‌يه‌نێته ناو شۆرش و ده‌بێت به‌پێشمه‌رگه ، له‌ناو شۆڕشيدا كه‌سێكى به‌رچاو قسه‌خۆش و ڕۆڵيكى پرشنگدارى هه‌بووه له ووره به‌رزكردنه‌وه‌ى هاوڕێي پێشمه‌رگه‌كانى و به‌ده‌يان به‌سه‌رهات و ڕووداوى خۆشى له‌دواى خۆى به‌جێهێشتووه‌و تائێستاش له‌سه‌ر زارن .
له‌گه‌رمه‌ى خه‌بات و تێكۆشانيدا له‌پێناو ڕزگارى و ئازادى كوردستان ، دووچارى نه‌خۆشيي ده‌بێت ، بۆمه‌به‌ستى چاره‌سه‌ركردن ڕووده‌كاته شارى تارانى پايته‌ختى ئێران ، به‌ڵام به‌داخه‌وه ده‌رده‌كه‌ى بێ ده‌رمان ده‌بێـت ، له‌ڕێكه‌وتى (14/7/1974) دڵى له‌لێدان ده‌كه‌وێت و بۆهه‌ميشه چاوه‌كانى لێك ده‌نێت ، له‌به‌ر ناهه‌مواری بارودۆخی ئه‌و سه‌رده‌مه‌و شه‌ڕی نێوان هێزه‌کانی پێشمه‌رگه له‌گه‌ڵ هێزه داگیرکه‌رو شۆڤێنییه‌که‌ی به‌عس ،نه‌توانراوه ته‌رمه‌که‌ی بهێندرێته‌وه بۆ شاری سلێمانی .
ئاى هونه‌رمه‌ندى كورد بۆ ده‌بێت به‌دبه‌خت و چاره ڕه‌ش و بێ ناز بيت، دوژمن ڕێگر بێت بهمردوويي و جه‌سته‌ى سارد و سڕتهوه نه‌هێڵێت له زێده‌كه‌ى خۆت بهخاكت بسپێرن ، هونه‌رمه‌ند ( حه‌مه ڕه‌شيد هه‌ره‌س) ئه‌و ڕۆژه‌مان بۆ ده‌گێڕيته‌وه و ده‌ڵيت ( ڕۆژێكى هاوينى ئه‌و ساڵه (1974) لهئيزگهوه ده‌هاتم بۆ ماڵى (شێخ باباتايهر ، له‌ڕێگا چاوم بهتابووتێك كه‌وت له‌به‌رده‌م چايخانه‌كه‌ى ( مسته‌فا سلێمانى ) بهبێكهسي داندرا بوو چه‌ند قاڵب سههۆڵێكيشى له‌سه‌ر داندرابوو، له‌سه‌ر تابووته‌كه‌ش نوسرابو
و ( ڕه‌شيد عه‌بدوڵڵا) به‌لايدا تێپه‌ڕيم و سه‌رنجمى ڕانه‌كێشا ،ده پازده هه‌نگاويش ڕۆيشتن ئينجا په‌يوه‌ندى ته‌رمه‌كه‌م به‌خاوه‌ن ماڵ و چايخانهكه به‌سته‌وه ، كه ئه‌م ته‌رمه كه‌سێكى ( مسته‌فا سلێمانى ) يه( كاك مسته‌فا براى هونه‌رمه‌ند ڕه‌شۆڵ) ....ئاى ئاى ڕهشۆڵى هونه‌رمه‌ند نه‌بێت؟؟؟ بۆ نا ئه‌ى براى مسته‌فا سلێماني نييه؟ ئه‌ى نهيان ووت له‌نه‌خۆشخانه‌كانى ئێران كه‌وتووه و شێرپهنجهيهتى؟
ئه‌مانه‌م له‌دڵى خۆمدا تاووتوێ دهكردو گه‌ڕامه‌وه سه‌رى ، له‌ماڵى ته‌نيشت چايخانهكهم دا كه ماڵى كاك مسته‌فا بوو، به‌ڵێ ئه‌وه ته‌رمى هونه‌رمه‌ند ڕه‌شۆڵ بوو كه به‌و هاوينه گه‌رمه بێ‌ناز كه‌تبوو سه‌هۆڵى پيادا توابۆوه،هه‌رده‌تووت ئه‌مه ئه‌و ڕه‌شۆڵه ده‌نگ خۆشه‌ش نييه ،به‌ده‌نگه خۆشه‌كه‌ى هه‌ستى هه‌ستيار و بێههستى ده‌هێنايه خرۆش ) (*6)
ته‌رمى هونه‌رمه‌ند ڕه‌شۆڵ عه‌بدوڵڵا له ناوچه ئازادکراوه‌کانی کوردستان له‌به‌ربارودۆخی وڵات و شه‌ڕ له‌نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌و حكومه‌تی عێراقی له (ده‌ربه‌ندی رایات ) به‌خاکی کوردستانی ده‌سپێرن و ، دواتر گڵكۆكی ده‌گوازنه‌وه بۆ گۆڕستانی ( شێخ مارف) له‌شاری سلێمانی، ڕۆحى شاد و ياد و ياده‌وه‌رييه هونه‌ريي و كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كانى هه‌موو كات به‌رز و پڕ شكۆ بێت.
جەمال عومەر (جه‌مالى ده‌لاك ).
سه‌رچاوه :
(*1) کتێبی ( گه‌ڵای پایز) (بیره‌وه‌ری عه‌لی مه‌ردان ) ئاماده‌کردنی
( عه‌بدولقادر عه‌لی مه‌ردان ) لاپه‌ره ( 232)
(*2 و 4)كتێبى گۆرانيبێژه نه‌مره‌كان _ باكورى _ ڕه‌شۆڵ ، لاپه‌ڕه ( 219)
(*3) كتێبی مێژووی ڕادیۆی كوردیی به‌غداد (1939 _1958) به‌رگی یه‌كه‌م / جزمی سێیه‌م
بابی (لالۆ ) كه‌مال ڕه‌ئوف محه‌مه‌د ....لاپه‌ڕه (630)
(*5) ديوانى پيرهمێردى نه‌مر _ محه‌مه‌د ڕه‌سوڵ هاوار _ لاپه‌ڕه (74)
(*6) كتێبى ئه‌و ساڵه‌ى بێژه‌رى ده‌نگى كوردستان بووم _ حه‌مه ڕه‌شيد هه‌ره‌س ، لاپه‌ڕه (46)
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.