Erbil 31°C شەممە 13 حوزەیران 04:15

سلێمانی؛ بەهۆی مانگی ڕەمەزان و کەمیی هاوردەوە نرخی گۆشت و مریشک بەرزبووەوە

کوردستان TV
100%

لەگەڵ دەسپێکی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، بازاڕەکانی شاری سلێمانی گۆڕانکارییەکی بەرچاویان لە نرخی گۆشتی سوور و مریشکدا بەخۆوە بینیوە. بەپێی بەدواداچوونەی شیلان فەرەج (پەیامنێری کوردستان تیڤی) ، نرخەکان بەراورد بە پێش مانگی ڕەمەزان ڕوویان لە بەرزبوونەوە کردووە، ئەمەش نیگەرانیی لای بەشێک لە هاووڵاتییان دروست کردووە.

بەپێی گوتەی قەساب و فرۆشیارانی گۆشت، لە ئێستادا نرخی یەک کیلۆ گۆشتی بەرخ گەیشتووەتە 24 هەزار دینار، لە کاتێکدا پێش مانگی ڕەمەزان بە 22 هەزار و 500 دینار مامەڵەی پێوە دەکرا. هەروەها نرخی گۆشتی گوێرەکەش(گۆلک) بۆ هەر کیلۆیەک 22 هەزار دینارە.

سەبارەت بە نرخی مریشک، نرخەکان لە 1500 دینارەوە بۆ 1750 دینار بۆ هەر کیلۆیەک بەرزبوونەتەوە، کە ئەمەش بارگرانییەکی زیاتری بۆ سەر خێزانەکان دروست کردووە لەم مانگەدا کە خواست لەسەر خواردنی گۆشت زیاتر دەبێت.

فرۆشیارانی گۆشت لە سلێمانی چەند هۆکارێکی سەرەکی بۆ ئەم گرانبوونە دەگەڕێننەوە، لەوانە:

١. ناردنی ئاژەڵ بۆ دەرەوە: گواستنەوەی بڕێکی زۆر لە ئاژەڵی ناوخۆیی بۆ شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق (بەغدا و ناوچە عەرەبییەکان).

٢. داخرانی سنوورەکان: کەمبوونەوەی هاوردەکردنی ئاژەڵ لە وڵاتانی دراوسێوە، بەتایبەت سووریا و ئێران، کە پێشتر کاریگەرییان لەسەر هاوسەنگکردنی نرخ هەبووە.

٣. زیادبوونی خواست: بەهۆی مانگی ڕەمەزان و ئامادەکردنی ژەمی بەربانگ، خواست لەسەر کڕینی گۆشتی سوور و مریشک بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.

 

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.