Erbil 31°C دووشەممە 15 حوزەیران 11:16

شاندێکی باڵای حزبی دەعوە گەیشتە هەولێر و بڕیارە لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆببنەوە

کوردستان TV
100%

بە مەبەستی تاوتوێکردنی دوایین پەرەسەندنە سیاسییەکان و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، شاندێکی باڵای مەکتەبی سیاسیی حزبی دەعوە گەیشتە هەولێر و بڕیارە سبەی لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی کۆببنەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، 20ی شوباتی 2026، شاندێکی باڵای حزبی دەعوەی عێراق بە مەبەستی ئەنجامدانی چەندین دیداری سیاسی، گەیشتنە شاری هەولێری پایتەخت.

لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، شاندەکە لەلایەن دکتۆر کەمال کەرکوکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، و دکتۆر عەرەفات، نوێنەری بارەگای بارزانی، پێشوازییان لێکرا.

شاندە باڵاکەی حزبی دەعوە بە سەرۆکایەتی دکتۆر عەباس بەیاتی بوو، کە هەر یەکە لە (حسن السنيد، د. كمال الساعدي، صادق البهادلي، د. عامر الخازعي، و د. أحمد المبرقع) ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی ئەو حزبە لە خۆدەگرێت.

لە دیدارێکی کورتدا لە فڕۆکەخانەی هەولێر، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی توندوتۆڵکردنی پەیوەندییە سیاسییەکان و هەماهەنگی نێوان لایەنەکان لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیی وڵاتدا کردەوە.

بڕیارە سبەی شەممە، شاندی میوان لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی کۆببنەوە. هاوکات بڕیار وایە شاندەکە زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی تر لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان ئەنجام بدەن بە مەبەستی تاوتوێکردنی دوایین پەرەسەندنە سیاسییەکانی عێراق و ناوچەکە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.