Erbil 31°C شەممە 13 حوزەیران 05:14

دڵشاد بارزانی بەشداری لە کۆنگرەی پارتی یەکێتیی دیموکراتی مەسیحی (CDU) لە ئەڵمانیا دەکات

کوردستان TV
100%

لە شاری شتوتگارتی وڵاتی ئەڵمانیا، پارتی یەکێتیی دیموکراتی مەسیحی (CDU) کۆنگرەی ساڵانەی خۆی بەست. لە مەراسیمی کردنەوەی کۆنگرەکەدا، دڵشاد بارزانی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەڵمانیا، وەک میوانێکی فەرمی و بە نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان ئامادە بوو.

دڵشاد بارزانی لەگەڵ شاندێکی نووسینگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداری لەو کۆنگرەیەدا کرد کە بە "پارتای تاگ" (Parteitag) ناسراوە. ئەم کۆنگرەیە ساڵانە بە مەبەستی ڕێکخستنی کاروباری ناوخۆیی پارتی و دەرکردنی بڕیار و ڕاسپاردە سیاسییەکان بەڕێوەدەچێت. بۆ کۆنگرەی ئەمساڵ، 1001 ئەندام لە تەواوی ئۆرگانەکانی ئەو پارتە کۆبوونەتەوە.

پارتی "CDU" کە ئێستا لەلایەن فریدریش مێرتز-ەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، یەکێکە لە پارتە هەرە گەورە و خاوەن پێگەکانی ئەڵمانیا و لە مێژووی ئەو وڵاتەدا چەندین جار دەسەڵاتی گرتووەتە دەست. ئەم پارتە لە کاتی هێرشەکانی گرووپی تیرۆریستیی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان، ڕۆڵێکی کاریگەری گێڕا لە دەرکردنی بڕیاری ناردنی چەک و هاوکاریی سەربازی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و بەردەوام پشتیوانی لە قەوارەی هەرێمی کوردستان کردووە.

پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و پارتی "CDU" لە ئاستێکی باڵادایە، کە بەشێکی زۆری ئەم پەیوەندییە بۆ هەوڵە دیپلۆماسییەکانی دڵشاد بارزانی، نوێنەری حکوومەتی هەرێم دەگەڕێتەوە، کە وەک دۆستێکی نزیکی ئەو پارتە ساڵانە بە فەرمی بانگهێشتی کۆنگرەکانیان دەکرێت. جگە لە پەیوەندییە فەرمییەکان، ژمارەیەک لە کوردانی نیشتەجێی ئەڵمانیا وەک ئەندام پەرلەمان و کادیری پێشکەوتوو لە ناو ڕیزەکانی ئەم پارتەدا خاوەن پێگەی سیاسیی خۆیانن، ئەمەش وایکردووە "CDU" ببێتە یەکێک لە نزیکترین دۆستە ستراتیژییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی ئەوروپا.

کوردستان جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.