لە ناوچەی "کانی گۆڵینان"، مینێکی پاشماوەی جەنگ بە باوک و کوڕێکدا تەقییەوە کە دانیشتووی قەزای چۆمانن. کوڕەکە بە ناوی (محەمەد یادگار)، سەرەڕای برینە سەختەکەی، بە جەستەیەکی شەکەت و خوێناوییەوە توانیویەتی خۆی بگەیەنێتە شەقامی گشتی و هاواری هاوکاری بگەیەنێتە گوێی ڕێبواران، بەڵام باوکی بە ناوی (یادگار کەریم) دەستبەجێ گیانی سپاردووە.
ڕابەر ئەنوەر، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مینی هەولێر ڕایگەیاند: "ئەمە یەکەمین زەنگی مەترسیی مینە لەمساڵدا لە سنووری پارێزگای هەولێر؛ بەو پێیەی ئێستا وەرزی گژوگیای بەهاری نییە و ناوچەکە هێشتا بەفری لێیە، گومان دەکرێت ڕووداوەکە بەهۆی دەستکاریکردنی مین یان پارچە تەقەمەنیی پاشماوەی جەنگەوە ڕوویدابێت."
لای خۆشیانەوە بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سۆران ئاماژەی بەوە کرد، دوای چەند کاتژمێرێک لە گەڕانی هێزەکانی پۆلیس و خەڵکی ناوچەکە، دواجار تەرمی باوکەکە دۆزرایەوە.
باوکەکە تەمەنی 46 ساڵ بووە و کوڕەکەشی کە لە ئێستادا لەژێر چارەسەری پزیشکیدایە، تەمەنی تەنیا 15 ساڵە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.