Erbil 31°C شەممە 13 حوزەیران 13:55

ئیدارەی ترەمپ بنکەیەکی سەربازی بۆ 5 هەزار سەرباز لە غەززە دروست دەکات

کوردستان TV
100%

ڕۆژنامەی "گاردیەن"ی بەریتانی لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا، کە پشتئەستورە بە بەڵگەنامەکانی گرێبەستەکانی "دەستەی ئاشتی"، ئاشکرای کرد کە دەوڵەتی دۆناڵد ترەمپ پلانی هەیە بنکەیەکی سەربازی بە توانای لەخۆگرتنی 5 هەزار سەرباز لە باشووری کەرتی غەززە دروست بکات.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە ئەم بنکەیە وەک ناوەندێکی ئۆپەراسیۆن بۆ "هێزێکی نێودەوڵەتیی سەقامگیری" بەکاردێت. پلانەکان پێکدێن لە دروستکردنی قۆناغ بە قۆناغی کۆمەڵگەیەکی سەربازی کە تاوەرە بەزرەکانی چاودێریی زرێپۆش، سەنگەر، مەیدانی ڕاهێنانی چەکی سوک و کۆگای کەرەستە سەربازییەکان لەخۆ دەگرێت.

 گاردیەن ئاماژەی بەوەش کردووە کە چەند کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتیی بواری بیناسازی کە لە ناوچە جەنگییەکاندا کار دەکەن، سەردانی شوێنی پێشنیارکراویان کردووە.

سەبارەت بە بەشداریی ڕاستەوخۆی ئەمریکا، بەرپرسێکی ئیدارەی ترەمپ بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە: "وەک چۆن سەرۆک ترەمپ وتوویەتی، هیچ هێزێکی ئەمریکی لەوێ نابێت." هەروەها فەرماندەیی ناوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) وەڵامی پرسیارەکانی سەبارەت بەم بنکەیە بۆ "دەستەی ئاشتی" گەڕاندووەتەوە.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە حکومەتی ئەندۆنیزیا پێشنیاری ناردنی تا 8 هەزار سەربازی کردووە بۆ بەشداریکردن لەو هێزە نێودەوڵەتییە. ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانیش ڕێگەی بە "دەستەی ئاشتی" داوە هێزێکی کاتیی سەقامگیری بۆ پاراستنی سنوورەکانی غەززە، پاراستنی ئاسایشی ناوخۆ، پاراستنی مەدەنییەکان و مەشقپێکردنی پۆلیسی فەلەستینی پێک بهێنێت.

تا ئێستا وردەکارییەکانی یاساکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم هێزە و ڕۆڵیان لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی شەڕ، یان چۆنیەتی داماڵینی چەکی گرووپی حەماس ڕوون نەکراوەتەوە.

"دەستەی ئاشتی" دوای ئەوە پێکهات کە ئیدارەی ترەمپ بە هاوکاریی قەتەر و میسر لە مانگی تشرینی یەکەمدا گەیشتنە ڕێککەوتنی ئاگربەست بۆ کۆتاییهێنان بە دوو ساڵ شەڕ لە غەززە. ئەمریکا دەڵێت ئێستا سەرنجی سەرەکی لەسەر داماڵینی چەکی حەماسە.

پێشتر ترەمپ ڕایگەیاندبوو وڵاتانی ئەندام لەم دەسپێشخەرییەدا پابەند بوون بە تەرخانکردنی هەزاران سەرباز بۆ هێزی سەقامگیری. یەکەم کۆبوونەوەی ئەم گروپەش لە "پەیمانگەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئاشتی" لە واشینگتن بە بەشداری نوێنەرانی زیاتر لە 20 وڵات بەڕێوەچوو.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.