Erbil 31°C شەممە 13 حوزەیران 01:06

فڕۆکەیەکی جەنگیی سوپای ئێران لە هەمەدان کەوتە خوارەوە و فڕۆکەوانێک گیانی لەدەست دا

کوردستان TV
100%

پەیوەندییە گشتییەکانی هێزی ئاسمانیی سوپای کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند، شەوی پێنجشەممە 18ـی شوباتی 2026، فڕۆکەیەکی جەنگی لە کاتی ئەنجامدانی مەشقی شەوانەدا لە پارێزگای هەمەدان تووشی ڕووداو بووە و کەوتووەتە خوارەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئەم فڕۆکەیە لە بنکەی ئاسمانیی " نۆژە"ی هەمەدانەوە فڕیوە و لە کاتی نیشتنەوەدا بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە تووشی ڕووداو بووە. لە ئەنجامی ئەم ڕووداوەدا، یەکێک لە فڕۆکەوانەکان بە ناوی "ڕووزبێ نازریان" بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.

فڕۆکەوانەکەی دیکە کە پلەکەی عەقید بووە، توانیویەتی لە ڕێگەی سیستەمی بازدان (Eject) خۆی ڕزگار بکات، بەڵام بەهۆی زەبری کەوتنەخوارەوەکە تووشی شکانی پشت و قاچ بووە و گوازراوەتەوە بۆ ناوەندی پزیشکی.

ڕووداوەکە لە نزیک گوندی "چایلو" لە سنووری قەزای کەبوودەراهەنگ لە پارێزگای هەمەدان ڕووی داوە.

هەرچەندە لە سەرەتادا سوپا ئاماژەی پێ نەدابوو، بەڵام دواتر دەرکەوت فڕۆکەکە لە جۆری (F-4 Phantom) بووە کە فڕۆکەیەکی کۆنی دروستکراوی ئەمریکایە و ئێران ساڵانێکی زۆرە بەکاریان دەهێنێت.

سوپای ئێران ڕایگەیاندووە تیمێکی پسپۆڕ بۆ دەستنیشانکردنی هۆکاری سەرەکیی تێکچوونی تەکنیکیی فڕۆکەکە خەریکی لێکۆڵینەوەن. بەهۆی سزاکانی سەر ئێران و کەمیی پارچەی یەدەگ، فڕۆکە جەنگییە کۆنەکانی ئەم وڵاتە زۆر جار تووشی ڕووداوی لەم شێوەیە دەبن.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.