سەرۆك وەزیرانی پۆڵەندا پەیامێكی بەپەلەی ئاراستەی سەرجەم ئەو هاووڵاتییانە كرد كە ئێستا لە ئێرانن، داوای لێ كردن هەر ئێستا ئەو وڵاتە جێبهێڵن و بگەڕێنەوە.
دۆناڵد تەسک سەرۆک وەزیرانی پۆڵاند لە لێدوانێكی فەرمیدا رایگەیاند: داوا لە هەموو هاووڵاتییانی پۆڵەندا دەكەم هەر ئێستا ئێران جێبهێڵن و لە هەر بارودۆخێكدا نەگەڕێنەوە ئەو وڵاتە.
راشیگەیاند: لە كاتی دەستپێكردنی شەڕ و رووبەڕووبوونەوەكان، گواستنەوەی هاووڵاتییانی پۆڵەندی لە ئێران كارێكی زەحمەت دەبێت، بەتایبەت كە ئێستا ئاماژەكان بۆ هێرشكردنە سەر ئێران زۆر جدین.
ئەمە لەكاتێكدایە كە میدیاكانی ئەمریكا ئەمڕۆ پێنجشەممە بە ئاشكرا ئاماژەیان بەوە داوە كە واشنتن لەماوەی ئەم هەفتەیەدا هێرش دەكاتە سەر ئێران دوای ئەوەی لە دوو دانوستانی رابردوودا بێ هیوا بوو لە گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ بەرپرسانی ئێران.
دوێنێ چوارشەممە جموجۆڵێكی گەورەی سەربازی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بینرابوو، بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دوو كەشتی فڕۆكەهەڵگر و 12 كەشتی جەنگی و دەیان فڕۆكەی جەنگی هێرشبەر رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كراون، هەروەها 150 گەشتی فڕۆكەی گواستنەوەی كەلوپەل و چەك و تەقەمەنی و سیستەمی دژە ئاسمانی ئەنجامدراون.
ماڵپەڕی (ئەكسیوس) لەسەر زاری كەسانی نزیكی دۆناڵد ترەمپ گواستوویەتییەوە كە چاوەڕوان دەكرێت بەم نزیكانە هێرشی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەست پێ بكات.
پێرێ سێشەممە گەڕی دووەمی دانوستانەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا لە شاری جنێفی پایتەختی سویسڕا بەڕێوەچوو، پێشتریش لە سەرەتای ئەم مانگە لە وڵاتی عومان گەڕی یەكەم بەڕێوەچووبوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.