خێزانی دوو هاووڵاتیی بەریتانی کە لە ئێران دەستبەسەرن، ڕایانگەیاند دادگای شۆڕشی تاران سزای 10 ساڵ زیندانیی بە تۆمەتی "سیخوڕی" بەسەر "کریگ فۆرمان" و "لیندزی فۆرمان"دا سەپاندووە؛ تۆمەتێک کە لە لایەن ئەو دوو هاوسەرە و حکومەتی بەریتانیاوە بە توندی ڕەت دەکرێتەوە.
ئەم دوو هاووڵاتییە بەریتانییە نزیکەی 13 مانگ لەمەوبەر (لە مانگی یەکی 2025)، کاتێک بە ماتۆڕسکیل خەریکی گەشتێکی جیهانی بوون، لە پارێزگای کرمانی ئێران دەستگیر کران. لەو کاتەوە تا ئێستا لە زیندانی ئەڤین لە تاران ڕاگیراون و زۆربەی ئەو ماوەیەش لە ژووری تاکەکەسیدا بوون.
بەپێی گوتەی "جۆ بێنت"، کوڕی ئەو ژن و پیاوە، دادگاییکردنەکەیان لە لقی 15ی دادگای شۆڕشی تاران تەنیا 3 کاتژمێری خایاندووە و هیچ بەڵگەیەک بۆ سەلماندنی تۆمەتەکەیان پێشکەش نەکراوە، هەروەها ڕێگەیان پێ نەدراوە بەرگری لە خۆیان بکەن.
لیندزی فۆرمان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کەناڵی "ITV"، باسی لەوە کردووە کە لە زیندان ڕووبەڕووی "ئەشکەنجەی دەروونی" بوونەتەوە. هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە لە زیندانی ئەوین چاوی بەو کەسانە کەوتووە کە لە خۆپیشاندانەکانی مانگی یەکی ئەمساڵدا دەستگیر کراون.
ئێڤێت کوپەر، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، سزاکەی بە "ترسناک و تەواو ناڕەوا" وەسف کرد و جەختی کردەوە کە حکومەتی وڵاتەکەی هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئازادکردنیان و گەڕانەوەیان بۆ ناو خێزانەکانیان. وەزیری دەرەوە وتیشی کە بە جیدی ئەم دۆسیەیە لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی تاوتوێ دەکەن.
تا ئێستا دەزگای دادوەریی ئێران بە فەرمی هەواڵی دەرچوونی ئەم سزایە و وردەکارییەکانی بڵاو نەکردووەتەوە، بەڵام خێزانی دەستگیرکراوەکان نیگەرانییەکی زۆریان لە تەمومژاویبوونی پرۆسەی دادگاییکردنەکە دەربڕیوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.