Erbil 31°C ھەینی 12 حوزەیران 22:07

ئێران گوشار دەخاتە سەر حزبوڵڵا بۆ ئەوەی لە شەڕی داهاتوودا لە دژی ئیسرائیل بەشدار بێت

کوردستان TV
100%

پێگەی هەواڵی "وای نێت" (Ynet) لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە پێچەوانەی جەنگی 12 ڕۆژەی ڕابردوو، ئەمجارە گوشارێکی توندی خستووەتە سەر حزبوڵڵای لوبنان تا لە ئەگەری هەڵگیرسانی هەر پێکدادانێکی سەربازی لەگەڵ ئیسرائیل، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بێتە ناو مەیدانەکەوە.

 واینێت ئاماژەی بەوە کردووە کە ئێران بۆ بەهێزکردنی حزبوڵڵا، هاوکارییە داراییەکانی بۆ ئاستێکی پێوانەیی بەرز کردووەتەوە. مەزەندە دەکرێت بڕی هاوکارییەکانی تاران بۆ ئەو گروپە لە ساڵی ڕابردوودا 1 ملیار دۆلاری تێپەڕاندبێت. ئەم هاوکارییانە سەرەڕای قەیرانی ئابووریی ئێران، بە شێوەی نەختینە (کاش) و زێڕ و لە ڕێگەی چەندین کۆمپانیای سەرپۆشەوە ڕەوانە دەکرێن بۆ ئەوەی سزاکانی ئەمریکا نەیانگرێتەوە.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، سەردانەکەی ئەم دواییەی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ لوبنان، بۆ دڵنیابوونەوە بووە لە بەشداریی چالاکانەی حزبوڵڵا لە هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی داهاتوودا. ئەم هەماهەنگییە لە چوارچێوەی "تەوەرەی بەرگری"دا دەکرێت کە حزبوڵڵا، گروپە چەکدارەکانی عێراق و حوسییەکانی یەمەنیش دەگرێتەوە. ئیسرائیلیش خۆی بۆ ئەگەری هێرشی هاوکاتی هەموو ئەم لایەنانە ئامادە کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئیسرائیل بە وردی چاودێریی جموجۆڵەکان دەکات و پەیامێکی ڕوونی ئاراستەی حزبوڵڵا کردووە، کە هەر جۆرە دەستوەردانێک بە "کاردانەوەیەکی زۆر بەئازار" وەڵام دەدرێتەوە. سوپای ئیسرائیل پلانێکی هێرشبەری بەرفراوانی ئامادە کردووە و سیستەمە بەرگرییە موشەکییەکانی و سیستەمی نوێی لەیزەری خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێکی موشەکیی حزبوڵڵا.

 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.