وەزارەتی داد بڵاوکردنەوەی لیستێکی تایبەت بە ڕەگەزنامەی ئەو چەکدارانەی داعشی ڕەت کردەوە کە لە سووریا بۆ عێراق گواستراونەتەوە و ڕایگەیاند، ئەو لیستە دروست نییە و لێکوڵینەوە لە ناسنامەکانیان بەردەوامە.
وەزارەتی دادی عێراق، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: "هەندێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و سەکۆ میدیاییەکان، لیستێکیان بڵاو کردووەتەوە کە ژمارە و ڕەگەزنامەی ئەو زیندانیانە لەخۆ دەگرێت کە لە هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی چەتەکانی داعش وەرگیراونەتەوە. سەبارەت بەو بابەتە بڵاوکراوەیەش، وەزارەتی داد دووپاتی دەکاتەوە کە لیستە بڵاوکراوەکە دروست نییە و گوزارشت لە هیچ بەیاننامەیەکی فەرمیی دەرچوو لە وەزارەتەوە ناکات، هەروەها لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە پەسەند نەکراوە".
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کرد: "ڕێکارە یاساییەکانی تایبەت بە پرۆسەی وەرگرتنەوەکە، بەگوێرەی چوارچێوە فەرمییە پەسەندکراوەکان و بە سەرپەرشتیی لایەنە دادوەری و ئەمنییە پەیوەندیدارەکان بەڕێوە چووە، هەروەها لێکۆڵینەوەکانی دەزگا ئەمنییە پەیوەندیدارەکان هێشتا بەردەوامن بۆ جێگیرکردنی زانیاری و ڕەگەزنامەی ئەو زیندانیانەی وەرگیراونەتەوە، ئەوەش بەپێی یاسا".
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی داد داوا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکات، "وردبین و بەرپرسیار بن لە گواستنەوەی زانیارییەکاندا و تەنیا پشت بەو زانیارییە فەرمییانە ببەستن کە لە وەزارەتەوە دەردەچن، هەروەها شوێن هەواڵی پشتڕاستنەکراوە نەکەون کە ڕەنگە ببێتە هۆی شێواندنی ڕای گشتی، یان کاریگەری لەسەر ڕەوتی ڕێکارە یاساییەکان دروست بکات".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.