ئەمڕۆ دووشەممە، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی بڵاویکردەوە، دوای چاودێرییەکی وردی هێزەکانیان، توانرا ئەندامێکی باندێکی مەترسیداری ساغکردنەوەی دراوی ساختە دەستگیر بکەن کە بڕێکی زۆر دۆلاری پێبووە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، ڕۆژی 16/2/2026، تۆمەتبارێک بە مەبەستی ساغکردنەوەی بڕی 40,000 (چل هەزار) دۆلاری ئەمریکی ساختە، گەیشتووەتە شاری سلێمانی. هێزەکانی ئاسایش کە پێشوەختە زانیارییان لەسەر باندەکە هەبووە، هەوڵی دەستگیرکردنیان داوە.
ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، تۆمەتبارەکە ئامادە نەبووە خۆی ڕادەست بکات و ڕووبەڕووی هێزەکانی ئاسایش بووەتەوە، بەڵام دواجار بە برینداری دەستگیرکراوە و بۆ چارەسەر ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە.
لە ئێستادا تۆمەتبارەکە بەپێی ماددەی 281 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکەی بەردەوامە بۆ گەیشتن بە ئەندامانی تری باندەکە.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.