بریکاری وەزیری دەرەوەی عێراق ناڕەزایەتی و نیگەرانیی وڵاتەکەی بەرانبەر بە لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی تورکیا گەیاندە باڵیۆزی ئەم وڵاتە و هەر جۆرە دەستوەردانێکی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆیی عێراقی ڕەت کردەوە
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند ڕۆژی سێشەممە 11ـی شوباتی 2026، محەمەد حوسێن بەحرولعلوم، بریکاری وەزارەتی دەرەوە بۆ پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، لە بارەگای وەزارەت پێشوازیی لە ئەنیڵ بۆرا ئینان، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق کرد.
ئاماژەی بەوەش کردووە ئەم دیدارە لەسەر پاشخانی ئەو لێدوانانە هات کە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە ڕێکەوتی 9ی شوباتی 2026 لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی (CNN Türk) دابووی.
لە دیدارەکەدا محەمەد حوسێن بەحرولعلوم، ناڕەزایەتی و نیگەرانیی حکومەتی عێراقی بەرامبەر بەو لێدوانانە دەربڕی و ڕایگەیاند: "ئەم جۆرە لێدوانانە زیان بە پەیوەندییە دۆستانەکانی نێوان عێراق و تورکیا دەگەیەنن و بە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی و بەزاندنی نەریتە دیپلۆماسییەکان هەژمار دەکرێن."
سەبارەت بە کاروباری ناوخۆیش، بریکاری وەزارەت دوپاتی کردەوە کە دۆسیەی شنگال و سەرجەم ناوچەکانی تری عێراق پرسێکی تەواو نیشتمانین و بەپێی ئەولەویەت و میکانیزمە نیشتمانییەکان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، هەروەها ڕەتی کردەوە هیچ لایەنێکی دەرەکی دەستوەردان بکات بۆ سەپاندنی چارەسەر یان بەکارهێنانی ئەم دۆسیەیە بۆ فشار و کاریگەری سیاسی و سەربازی.
لەلایەن خۆیەوە، باڵیۆزی تورکیا ڕوونکردنەوەی دا کە لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی بەهۆی "وەرگێڕانی نادروست" بە هەڵە تێگەیشتنی بۆ دروست بووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.