Erbil 31°C ھەینی 12 حوزەیران 01:46

ئەنجومەنی باڵای فەتوا: ڕەنگکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بە ماددەی کیمیایی حەرامە

کوردستان TV
100%

ئەنجومەنی باڵای فەتوا لە هەرێمی کوردستان، بڕیارێکی نوێی سەبارەت بە ڕەنگکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دەرکرد و ڕایگەیاند، هەر جۆرە دەستکارییەکی بەرهەمەکان وەک (تەماتە، شوتی، سێو، هه‌رمێ و هتد) بە ماددەی کیمیایی بە مەبەستی جوانکردن یان شاردنەوەی کوالێتییە خراپەکەیان، کارێکی "حەرامە".

دوای ئەوەی ژمارەیەک لە هاوڵاتییان پرسیاریان کرد سەبارەت بەو دیاردەیەی کە هەندێک جوتیار بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان پەنا دەبەنە بەر ڕەنگکردنیان، ئەنجومەنی فەتوا بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و ئاودێری لێکۆڵینەوەی لە بابەتەکە کرد. بەپێی وەڵامی فەرمی وەزارەت، دەرکەوتووە کە ئەم ماددانە نەک تەنها بەهای خۆراکی بەرهەمەکە لەناو دەبەن، بەڵکو زیانی تەندروستی گەورە بە هاوڵاتییان دەگەیەنن.

ئەنجومەنی باڵای فەتوا پاڵپشت بە دەقە شەرعییەکان ڕایگەیاند:  ئەم کارە دەچێتە خانەی "غەش"کردن، کە پێغەمبەر (د.خ) فەرموویەتی: هەر کەسێک غەش بکات لە ئێمە نییە.
بەهۆی ئەوەی زیانی تەندروستی هەیە و دەبێتە هۆی نەخۆشی کوشندە، بەپێی فەرموودەی «لا ضرر ولا ضرار» قەدەغەیە و وەرگرتنی پارەی زیاتر لە کڕیار بەهۆی گۆڕینی ڕەنگی بەرهەمەکە، خواردنی ماڵی خەڵکە بە "باڵت" کە قورئانی پیرۆز ڕێگری لێکردووە.

ئەنجومەنی فەتوا داوا لە جوتیاران دەکات بۆ قازانجێکی کاتیی دنیا، خۆیان قەرزداری قیامەتی خەڵک نەکەن و جەخت دەکاتەوە کە "کەمێکی حەڵاڵ باشترە لە زۆرێکی حەرام".

لە کۆتاییدا، داوا لە دامودەزگاکانی حکوومەت دەکات چاودێری بازاڕ و کێڵگەکان توندتر بکەن و هەر کەسێک پابەند نەبێت، ڕووبەڕووی سزای یاسایی بکرێتەوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.