بەڕێوەبەری گشتیی ڕێگاوبان و ئاوەدانکردنەوە و نشتەجێکردنی ڕاپەڕین بە (کوردستان تیڤی) ڕایگەیاند: "دوای پشکنینی مەیدانی لەلایەن تیمێکی ئەندازیارییەوە دەرکەوتووە هیچ مەترسییەک لەسەر ڕووخانی پردە کۆنەکەی دەربەندی ڕانیە نییە".
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئومێد حەمە عەلی بەڕێوەبەری گشتیی ڕێگاوبان و ئاوەدانکردنەوە و نشتەجێکردنی ڕاپەڕین ڕایگەیاند، دوێنێ تیمێکی شارەزا پردەکەیان پشکنیوە و دڵنیاییان داوە کە لە ڕووی پێکهاتەییەوە سەلامەتە.
ئومێد حەمە عەلی هەموو ئەو هەواڵ و دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە لە پەیج و سۆشیاڵ میدیاکان سەبارەت بە مەترسی ڕووخانی پردەکە بڵاوکراونەتەوە و ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی پڕۆژەی "گابیۆن" لە هەردوو لای پردەکە، ڕێگری لە چوونی ئاو بە لێشاو بۆ ناو دەریاچەی دوکان دروست بووە.
ئاماژەی بەوەش کرد، لایەنە پەیوەندیدارەکان هەوڵ دەدەن ڕێڕەوی ئاوەکە باشتر بکەن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا هیچ فشار و مەترسییەک لەسەر پردە کۆنەکە و پردە نوێیەکەی دەربەندی ڕانیە دروست نەبێت.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو، دەنگۆی ئەوە بڵاوکرابووەوە، ئەگەر هەیە پردە کۆنەکە زیانی پێ بگات یان بڕووخێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.