لە ڕێوڕەسمێکدا لە هاوینەهەواری ڕادیسن بلوو لەسەر چیای کۆڕەک، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، سەکۆی "ئی-پسوولە" بە فەرمی ڕاگەیەندرا.
ئەم پڕۆژەیە وەک بەشێکی گرنگ لە کارنامەی حکومەت بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی دیجیتاڵی و شەفافیەت لە کەرتی دارایی هەژمار دەکرێت.
وتارەکان: جەختکردنەوە لەسەر هەماهەنگی و داهاتووی دیجیتاڵی
لە دەستپێکی ڕێوڕەسمەکەدا، شیلان دۆسکی، بەڕێوەبەری پڕۆژە تایبەتەکان، تیشک دەخاتە سەر ئامانجەکانی پڕۆژەکە و دیدگای حکومەت بۆ گۆڕانکاری دیجیتاڵی.
دواتر ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، لە وتارێکدا باس لە ئاسۆکانی پارەدانی دیجیتاڵی لە هەرێمی کوردستان و ڕۆڵی "ئی-پسوولە" لەو بوارەدا دەکات.
هەر لە مەراسیمەکەدا، د. عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، ئامادە دەبێت و وتارێکی پێشکەش دەکات.
پانێلەکان: گفتوگۆ لەسەر خزمەتگوزارییە گشتییەکان
ڕێوڕەسمەکە سێ پانێلی سەرەکی لەخۆ دەگرێت:
١. پانێلی یەکەم: بە بەشداریی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بەڕێوە دەچێت، کە تێیدا تیشک دەخرێتە سەر دیدگای ستراتیژیی حکومەت بۆ داهاتووی دیجیتاڵی و چۆنیەتیی سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیا بۆ خزمەتی هاووڵاتیان.
٢. پانێلی دووەم: بە بەشداریی محەممەد هاوار، هیوا ئەفەندی، ناسر ساڵح و ڕیا فێلا، تایبەتە بە کاریگەرییەکانی سەکۆی "ئی-پسوولە" لەسەر ئاسانکاری بۆ ژیانی هاووڵاتیان و چاکسازی لە خزمەتگوزارییە گشتییەکاندا.
٣. پانێلی سێیەم: بە بەشداریی عەزیز ئەحمەد، عەدنان ئەسعەد و ئادۆنیس شامی، دەربارەی گۆڕانکارییە دیجیتاڵییەکان لە ناوچەکە و پێگەی هەرێمی کوردستان لەو نەخشە نوێیەدا گفتوگۆ دەکرێت.
سپۆنسەرەکان و کەرتی تایبەت
سەرۆکی حکومەت لە پەراوێزی ڕێوڕەسمەکەدا سەردانی کۆشک (Booth)ی سپۆنسەرە سەرەکییەکانی پڕۆژەکە دەکات، کە پێک هاتوون لە نۆ لایەنی پیشەگەر و بانکیی گرنگ، لەوانە: (بانکی یەکەمی عێراق، بانکی ئاڕ تی، بانکی ئیسلامی عێراق، فاستپەی، ناسواڵێت، ئاسیاپەی، زەینکاش و کۆمپانیای مەدفوعاتکوم). ئەم بەشدارییە فراوانەی کەرتی بانکی و کۆمپانیاکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی نیشانەی پشتگیریی بەهێزی کەرتی تایبەتە بۆ هەنگاوەکانی حکومەت.
ئەم ڕێوڕەسمە کە نزیکەی ٢٢٠ میوان بەشدار دەبن و بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە کەناڵە میدیاییەکان دەگوازرێتەوە؛ ئەمەش وەک هەنگاوێکی مێژوویی لە پرۆسەی چاکسازیی کارگێڕی و دارایی لە هەرێمی کوردستان دەبینرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.