دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ئاگر لە نەخۆشخانەی فێركاری ئیبن رەشید لە بەغدای پایتەختی عێراق كەوتەوە و بەهۆیەوە چەند كەسێك بریندار و تووشی تەنگەنەفەسی بوون.
وەزارەتی تەندروستی عێراق لەبارەی رووداوی ئاگركەوتنەوەكە رایگەیاند: بەهۆی ئەوەی ئاگرەكە لە قۆناغی سەرەتا و بچووك بووە، هەرزوو لەلایەن تیمەكان توانراوە كۆنتڕۆڵ بكرێت.
راشیگەیاند: لە ئەنجامی ئاگركەوتنەوەكە هیچ كەسێك گیانی لەدەست نەداوە، تەنیا چەند كەسێك بە سووكی بریندار بوونە و چەند كەسێكی دیكەش تووشی حاڵەتی تەنگەنەفەسی بوونە.
وەزارەتی تەندروستی عێراق جەختیشی كردەوە كە سەرجەم بریندارەكان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی دیكە، هەروەها نەخۆشخانەكە لە نەخۆش و كارمەندان چۆل كراوە.
ئاماژەی بەوەش دا كە تیمەكانی بەرگریی شارستانی دەستیان بە لێكۆڵینەوەكان كردووە بۆ دۆزینەوەی هۆكاری كەوتنەوەی ئاگرەكە و رێگریكردن لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.