باڵیۆزی نەرویج لە هەردوو وڵاتی عێراق و ئوردن دەستلەكاركێشانەوەی لە كارەكەی پێشكەشی حكوومەتی وڵاتەكەی كرد بەهۆی بوونی پەیوەندی بە دۆسییەی جێفری ئێپستین و بازرگانیكردن بە سێكس و دەستدرێژكردنە سەر منداڵانەوە.
وەزارەتی دەرەوەی نەرویج بڵاوی كردەوە: مونا یوول باڵیۆزی نەرویج لە هەردوو وڵاتی عێراق و ئوردن بەهۆی ناوهێنانی لە بەڵگەنامەكانی جێفری ئێپستین، دەستلەكاركێشانەوەی خۆی پێشكەش كردووە.
ئێپستین پارت ئێدی وەزیری دەرەوەی نەرویج لە بەیانامەیەكدا رایگەیاند: پەیوەندی نێوان یوول و جێفری ئێپستین شەرمەزارانەیە و داوای دەستلەكاركێشانەوەشی لە جێی خۆی بووە.
راشیگەیاند: بەهۆی هێنانی ناوی یوول لە بەڵگەنامەكانی ئێپستین، ئەستەمە بتوانێت جارێكی دیكە متمانەی پێ ببەخشرێتەوە و لەم پۆستە هەستیارەدا دابنرێتەوە.
مونا یوول و هاوسەرەكەی تێری رۆد لارسن كە كەسێكی سیاسی ناوداری وڵاتی نەرویجە، چەندین بەڵگەنامەیان لەسەر بڵاوكراوەتەوە كە تۆمەتبار دەكرێن بە بوونی پەیوەندی راستەوخۆیان بە دۆسییەی ئێپستینەوە.
میدیاكانی نەرویج ئاماژەیان بەوەداوە كە یوول و لارسنی هاوسەری لەبەرامبەر كاركردندا هەریەكە بڕی 5 ملیۆن دۆلاریان لە جێفری ئێپستین سەرمایەداری ئەمریكی وەرگرتووە.
هەر دوای بڵاوبوونەوەی بەڵگەنامەكان، وەزارەتی درەوەی نەرویج بڕیاری دەركردبوو كە مونا یوول بەشێوەی كاتی لە كارەكەی دوور بخاتەوە، بەڵام دواتر هەر خۆی نامەی دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەش كرد.
جێفری ئێپستین سەرمایەداری کۆچکردووی ئەمریکی، تۆمەتبارکراوە بە بازرگانیکردن بە سێکس و پێکهێنانی تۆڕی فراوان بۆ دەستدرێژیکردنە سەر مێرمنداڵان. دۆسێیەکە بەهۆی بوونی ناوی چەندین کەسایەتیی سیاسی و جیهانی لە ناو لیستەکاندا، دەنگدانەوەیەکی گەورەی لە ئاستی جیهاندا دروستکردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.