پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، دوای دەرچوونی بڕیاری دابەشکردنی زەوی بەسەر مووچەخۆرانی گرێبەست، هەنگاوەکانیان دەست پێ کردووە و چاوەڕوان دەکرێت لە سەرەتای مانگی داھاتووەوە دەست بە وردبینیکردنی ناوی مووچەخۆرانی گرێبەست بکرێت.
ڕۆژی شەممە 7ـی شوبات، پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، دوای دەرچوونی بڕیاری دابەشکردنی زەوی بەسەر مووچەخۆرانی گرێبەست و بڵاوبوونەوەی بڕیارەکە، لە 16ـی ئەم مانگە، سمینارێک بۆ نوێنەری سەرجەم وەزارەتەکان بەڕێوەدەچێت بۆ ئەوەی ئاگاداری پڕکردنەوەی فۆڕم بن.
سەبارەت بە وردبینی ناوەکان پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، چاوەڕوان دەکرێت لە سەرەتای مانگی داھاتووەوە دەست بە وردبینیکردنی ناوی مووچەخۆرانی گرێبەست بکرێت، بۆ ئەوەی دواتر لیستی ناوەکان ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران بکرێت و زەوییان پێ بدرێت.
بەپێی ڕێنماییەکان، مەرجەکانی وەرگرتنی زەوی بۆ مووچەخۆرانی گرێبەست بەم شێوەیە:
• پێویستە مووچەخۆرەکە لانی کەم هەشت ساڵ خزمەتی گرێبەستی هەبێت.
• نابێت پێشتر لە وەرگرتنی زەوی لە حکوومەت سوودمەند بووبێت.
• لەنێوان دوو هاوسەریشدا، تەنیا یەکێکیان مافی وەرگرتنی زەوی دەبێت.
هەر بەپێی ڕێنماییەکان، ئەو مووچەخۆرانەی پێشتر خزمەتی دیکەیان هەبووە، بۆ نموونە وەک وانەبێژ، ئەو ماوەیان بۆ هەژمار ناکرێت، بەڵکو تەنیا ئەو ماوەیەیان بۆ هەژمار دەکرێت کە بەشێوەی گرێبەست خزمەتیان کردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.