Erbil 31°C پێنجشەممە 25 حوزەیران 09:05

ڕۆژانە زیاتر لە 20 نەخۆش لە سەنتەری شوشتنی گورچیلەی ئاکرێ چارەسەر وەردەگرن

کوردستان TV
100%

رەنجبەر محەمەد پەیامنێری کوردستان تیڤی لە ئاکرێ ڕایگەیاند، سەنتەری شوشتنی گورچیلە لە قەزای ئاکرێ خزمەتگوزارییەکی بەرچاو پێشکەش بە نەخۆشانی سنوورەکە دەکات و بارگرانییەکی زۆری لەسەر شانیان کەم کردووەتەوە.

وەک پەیامنێرمان ئاماژەی پێدا، پێشتر نەخۆشانی ئەم دەڤەرە ناچار بوون بۆ وەرگرتنی چارەسەر و شوشتنی گورچیلەکانیان ڕوو لە شارەکانی دهۆک و هەولێر بکەن، کە ئەمەش ماندووبوون و تێچوویەکی زۆری بۆ دروست دەکردن، بەڵام ئێستا لە ناوچەکەی خۆیان و بە کەمترین کات ئەو خزمەتگوزارییەیان بەبێ بەرامبەر بۆ دابین کراوە.

بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێرمان، ئەم سەنتەرە گۆڕانکاری و فراوانبوونی گەورەی بەخۆوە بینیوە، ئەمە لە کاتێکدا پێشتر تەنیا 6 تەختی هەبووە، ئێستا ژمارەی تەختەکان بۆ 25 تەخت زیاد کراوە و نوێترین ئامێری پزیشکی بۆ دابین کراوە، ئەمەش وایکردووە بتوانێت خزمەتگوزاری بە نەخۆشانی قەزای ئاکرێ، بەردەڕەش، شێخان و ناحیەی قەسرۆک و دەوروبەری بگەیەنێت.

رەنجبەر محەمەد گوتیشی، ڕۆژانە زیاتر لە 20 نەخۆش لەم سەنتەرە چارەسەر وەردەگرن. ئامارەکانیش دەریدەخەن کە لە ساڵی ڕابردوودا، زیاتر لە 4 هەزار پرۆسەی شوشتنی گورچیلە بۆ نەخۆشانی سنوورەکە لەم سەنتەرەدا ئەنجام دراوە، کە ئەمەش نیشانەی کارایی و گرنگی سەنتەرەکەیە بۆ کەرتی تەندروستی ناوچەکە.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.