بەرەبەیانی ئەمڕۆ، لە ڕووداوێکی دڵتەزێندا لە گەڕەکی "تیتۆکە"ی شاری ڕانیە، دوو منداڵی دووانە (خوشک و برایەک) بەهۆی دەرچوونی غازی سۆپاوە لە ژووری نوستنەکەیاندا گیانیان لەدەستدا.
غەفوور محەمەد ئەمین، خاڵی منداڵەکان بە خدر ڕەزگەی پەیامنێری کوردستان تیڤی ڕایگەیاند: "کاتژمێر 6ی بەیانی ئەمڕۆ، کاتێک دایک و باوکیان چوونەتە ژووری منداڵەکان، بینیویانە هەردووکیان بەهۆی دوکەڵ و غازی سۆپاوە خنکاون."
ئەو دوو منداڵە تەمەنیان 6 ساڵ بووە و ناویان (میر مەریوان و مەیلی مەریوان)ـە. بە گوتەی خاڵیان، منداڵەکان لە ژووری تایبەتی خۆیان خەوتبوون و هەر لەوێشدا تووشی ئەو ڕووداوە بوون.
ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما و بەکارهێنانی گەرمکەرەوەکان، ڕووداوی لەم شێوەیە بەهۆی غاز یان دوکەڵی سۆپاوە دووبارە دەبنەوە، پێویستە هاووڵاتییان ڕێکارەکانی سەلامەتی توندتر بکەن و هۆشیارتربن لەبەکار هێنانی گەرمکەرەوەکان لە شەواندا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.