بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا پێشبینییەکانی خۆی بۆ باری کەشوهەوای 48 کاتژمێری داهاتوو بڵاوکردەوە. بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، پێشبینی دەکرێت هەرێمی کوردستان بکەوێتە ژێر کاریگەری شەپۆلێکی بارانبارین و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما.
ئەمڕۆ شەممە، بەڕیوەبەرایەتی کەشناسی هەرێم رایگەیاند: ئاسمانی هەرێم بە گشتی بە هەوری باراناوی دەمێنێتەوە و لە زۆربەی ناوچەکان نمەباران و بارانی مامناوەند بە پچڕپچڕی دەبارێت، هاوکات لە ناوچە سنوورییەکان بەفرێکی کەم دەبارێت. کەشناسی ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە کاتەکانی شەودا کاریگەری بارانەکە زیاتر دەبێت و لە هەندێک ناوچەدا بە شێوەی لێزمەباران دەبێت. پلەکانی گەرماش بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ بە ڕێژەی 3 بۆ 6 پلە نزم دەبنەوە.
سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی یەکشەممە رایگەیاند: پێشبینی دەکرێت ئاسمان بە هەوری تەواو بمێنێتەوە و لە کاتەکانی بەیانیدا بارانی مامناوەند ببارێت، پاشان لە کاتەکانی دواتری ڕۆژدا کاریگەرییەکەی لاواز دەبێت و تەنها بە شێوەی نمەبارانی پچڕپچڕ بەتایبەتی لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی هەرێم بەردەوام دەبێت. پلەکانی گەرما لەم ڕۆژەدا بەرزبوونەوەیەکی کەم بەخۆیانەوە دەبینن کە لە نێوان 2 بۆ 4 پلە دەبێت بەراورد بە پلەکانی ئەمڕۆ.
بەرزترین پلەکانی گەرما بۆ ئەمڕۆ و سبەی بەم شێوەیەی خوارەوە دەبێت:
هەولێر: ئەمڕۆ 12 - سبەی 14
سلێمانی: ئەمڕۆ 8 - سبەی 10
دهۆک: ئەمڕۆ 9 - سبەی 13
هەڵەبجە: ئەمڕۆ 9 - سبەی 12
چەمچەماڵ: ئەمڕۆ 9 - سبەی 12
زاخۆ: ئەمڕۆ 9 - سبەی 13
سۆران: ئەمڕۆ 6 - سبەی 8
ئاکرێ: ئەمڕۆ 8 - سبەی 11
پیرمام: ئەمڕۆ 6 - سبەی 9
حاجی ئۆمەران: ئەمڕۆ 2 - سبەی 4
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.