Erbil 31°C پێنجشەممە 11 حوزەیران 01:22

توێژینه‌وه‌یه‌ك: ئه‌وانه‌ی شه‌و بێدارن ئه‌گه‌ری تووشبوونیان به‌ جه‌ڵته‌ی دڵ و مێشك زیاتره‌

کوردستان TV
100%

توێژینەوەیەکی تازه‌ ده‌ریخستووه‌ كه‌ خه‌وتن له‌ كاتی خۆیدا گرنگی تایبه‌تی هه‌یه‌ بۆ ته‌ندروستی مرۆڤ، ئه‌وانه‌ی كه‌ شه‌وبێدارن زیاتر له‌ كه‌سانی تر مه‌ترسی جه‌ڵته‌ی دڵ و مێشكیان لێده‌كرێت.

ئاژانسی هه‌واڵی "عێراقی " بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، توێژینەوەکە سەرنجی خستۆتە سەر پڕۆگرامكردنی مێشك و مه‌یلی تاك بۆ كاته‌كانی خه‌وتنی كه‌ راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌ ته‌ندروستی دڵ و مێشكه‌وه‌ هه‌یه‌.

توێژەران پشتیان بە زانیارییەکانی "بانکی زیندەیی بەریتانی" (UK Biobank) بەستووە کە لە ماوەی 14 ساڵدا کۆکراونەتەوە و نزیکەی 300 هەزار کەس تێیدا بەشدار بوونه‌ کە تێکڕای تەمەنیان 57 ساڵ بووە.

نزیکەی 8%ی بەشداربووان ڕایانگەیاندووە کە بە ڕوونی مەیلیان بۆ شەوبێداری هه‌یه‌ تا درەنگانی شەو ، لە کاتێکدا 24%یان دووپاتیان کردۆتەوە کە ئارەزووی زوو هەستان لە خەو و زوو خەوتن دەکەن.

بەڵام زۆرینەی هەرە زۆر، کە 67% بوون، خۆیان لە خانەی مامناوەند پۆلێن کردووە کە بە ڕوونی سەر بە هیچ کام لەو دوو جۆرە نه‌بوونه‌ له‌ راپرسییه‌كه‌دا.

توێژەران تەندروستی دڵیان بە بەکارهێنانی پێوەری "هەشت فاکتەرە سەرەکییەکەی ژیان" هەڵسەنگاندووە کە لەلایەن کۆمەڵەی دڵی ئەمریکییەوە دەرچووە، کە پێوەرێکی گشتگیرە و ئاستی چالاکی جەستەیی و سیستەمی خۆراک و پەستانی خوێن  و کۆلیسترۆڵ و جگەرەکێشان و کوالێتی خەو و کۆنترۆڵکردنی کێش و ئاستی شەکر لە خوێندا دەگرێتەوە.

بە شیکردنەوەی ڕێژەی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و جەڵتەی مێشک، توێژینەوەکە گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە ئەو کەسانەی لە ئێواراندا چالاکترن، بە شێوەیەکی بەرچاو زیاتر تووشی کێشەکانی دڵ و خوێنبەرەکان دەبن بە بەراورد بە جۆرە مامناوەندەکە، هەروەها مەترسی تووشبوونیان بە جەڵتەی دڵ یان جەڵتەی مێشک بەرزتر بووە.

لە بەرامبەردا، ئەو کەسانەی بەیانیان چالاکن نیشانەی باشتریان لە تەندروستی دڵدا نیشانداوە و ئەم کاریگەرییە لە نێوان ژناندا بەراورد بە پیاوان ڕوونتر بووە.

 

جیهان تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.