لە ئەنجامی پێکدادانی دوو بارهەڵگر لە ناحیەی کەڵەکی سەر بە قەزای بەردەڕەش، شۆفێرێکی خەڵکی باکووری کوردستان لە نێو ئۆتۆمبیلەکەیدا سووتا و گیانی لەدەستدا، هاوکات شۆفێرەکەی دیکەش بە سەختی بریندار بوو.
سەنگەر گۆران، پەیامنێری کوردستان تیڤی لە بەردەڕەش ڕایگەیاند: درەنگانی شەوی ڕابردوو، لە سنووری ناحیەی کەڵەکی سەر بە قەزای بەردەڕەش، ڕووداوێکی سەختی هاتوچۆ لە نێوان دوو ئۆتۆمبیلی بارهەڵگردا ڕوویدا، لە ئەنجامی پێکدادانەکەدا یەکێک لە بارهەڵگرەکان ئاگری گرت و بەهۆیەوە شۆفێرەکەی لە نێو ئۆتۆمبیلەکەیدا سووتا و گیانی لەدەستدا، شۆفێری بارهەڵگرەکەی دیکەش بە سەختی بریندار بوو.
پەیامنێری کوردستان تیڤی ئاماژەی بەوە کرد، ئەو شۆفێرەی ئۆتۆمبیلەکەی سووتاوە خەڵکی باکووری کوردستانە و تەرمەکەشی لەلایەن کارمەندانی بنکەی بەرگریی شارستانیی کەڵەک و بنکەی پۆلیسی کەڵەکەوە لە نێو ئۆتۆمبیلەکە دەرهێنراوە.
بەپێی زانیارییەکان، بەهۆی زۆری و سەختیی ڕێژەی سووتانەکەوە، ڕوخساری شۆفێرەکە نەناسراوەتەوە و تا ئێستا تەنیا ئەوە زانراوە کە بارهەڵگرەکە هەڵگری تابلۆی وڵاتی تورکیایە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.