ئهمڕۆ یەکشەممە، وەزیری دارایی هیندستان پەردەی لەسەر 133 ملیار دۆلاری پێوانەیی بۆ ژێرخانی ئابووری وڵاتهكهی لادا، بۆ پهرهدان به پلانەکانی له پەیوەندی نوێی شەمەندەفەری خێرا و وەبەرهێنانی تەکنەلۆژیا.
تهرخانكردنی ئهم بڕه پارهیه نزیکەی لەسەدا نۆ زیاتره بهراورد به بودجەی ساڵی ڕابردووی هیندستان.
لای خۆیهوه، نیرمالا سیتارامان، وەزیری دارایی هیند بە پەرلەمانی وڵاتهكهی ڕاگەیاندووە، ناوەندەکانی داتا و زیرەکی دەستکرد و تهكنهلۆژیا و پرۆسێسکردنی زەوییە دەگمەنەکان پاڵپشتی دارایی له بڕی پارهی تهرخانكراو له حکوومەت وەردەگرن.
ئاماژەی بەوەشکرد، خەرجییە گشتیەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە لە نزیکەی 21 ملیار دۆلار (2 تریلیۆن ڕوپیە) لە ساڵی 2014-2015 و ئێستا لە بەرزترین ئاستی دایە.
هیندستان كه یهكێكه له پڕ دانیشتووترین وڵاتی جیهان دابینكردنی ژێرخانی گهورهی لهم چهشنه بە کلیلی بەردەوامبوونی ڕێژەی بەرزی گەشەی خۆی لەبواری بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و ڕەخساندنی ملیۆنان هەلی کاری نوێ دەزانێت.
هاوكات، نارێندرا مودی سەرۆکوەزیرانی هیندستان رایگهیاندووه: هیندستان تەنها بە خێرایی گەشەسەندنی ئابووری ڕازی نییە، بهڵكو چاوی له پێشهنگ بوونه له جیهاندا.
هیندستان دەیەوێت ببێتە سێیەم وڵاتی گەورەترین ئابووری جیهان. بودجەی ئەمساڵ نەخشەڕێگایەکی گەورەیه، بۆ ئەوەی هێزو وزهی نوێ بە بەرهەمهێنانی ناوخۆیی ببەخشێت.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.