Erbil 31°C سێشەممە 23 حوزەیران 09:45

نێچیرڤان بارزانی: دەبێت یادی شەهیدانی 1ی شوبات بکەینە هەوێنی تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان

کوردستان TV
100%

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند شەهیدانی 1ی شوبات، سیمبۆلی پێکەوەژیان، یەکڕیزی و تێکەڵبوونی خوێنی ڕۆڵەکانی كوردستانن لەپێناو ئازادی و سەرفرازیدا و باشترین وەفا بۆ خوێنی ئەو شەهیدانە و سەرجەم شەهیدانی کوردستان، پاراستنی دەستکەوتەکان، قووڵکردنەوەی گیانی تەبایی و پێکەوەکارکردن و یەکڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییەکانە.

ڕۆژی یەکشەممە 1ـی شوباتی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە بۆنەی 22ـەمین ساڵیادی هێرشە تیرۆریستییەکەی 1ـی شوبات لە شاری هەولێر، لە پەیامێکدا ڕایگەیاند دەبێت ئەم یادە بکەینە هەوێنی تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان و کارکردن بۆ بنیاتنانی داهاتوويه‌كى گەشتر بۆ نەوەکانمان کە شایستەی قوربانیدانی شەهیدانمان بێت.

 

دەقی پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ یادی شەهیدانی 1ی شوبات

ئەمڕۆ بە ڕێز و شکۆوە یادی شەهیدانی نەمری مەرگەساتی 1ی شوباتی 2004 دەکەینەوە، ئەو ڕۆژەی تیرۆریستانی تاریکپەرست لە بەیانییەکی جەژندا، بە ڕق و کینەیەکی ڕەشەوە، دوو بارەگای سەرەکیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان لە هەولێر کردە ئامانج و کۆمەڵێک سەرکردە و تێکۆشەری دیار و هاووڵاتیی بێتاوانیان شەهید و بريندار کرد.

شەهیدانی 1ی شوبات، سیمبۆلی پێکەوەژیان، یەکڕیزی و تێکەڵبوونی خوێنی ڕۆڵەکانی كوردستانن لەپێناو ئازادی و سەرفرازیدا. ئەوان لە کاتێکدا شەهید بوون کە خەریکی پیرۆزبایيی جەژن و بەهێزکردنی تەبایی و خۆشەویستی بوون، بۆیە یادکردنەوەیان تەنها وەبیرهێنانەوەی ئازارێک نییە، بەڵکوو جەختکردنەوەیە لەسەر ئەو بەهایانەی ئەوان لەپێناویدا گیانیان بەخشی.

باشترین وەفا بۆ خوێنی شەهیدانی 1ی شوبات و سەرجەم شەهیدانی کوردستان، پاراستنی دەستکەوتەکان، قووڵکردنەوەی گیانی تەبایی و پێکەوەکارکردن و یەکڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییەکانە. دەبێت ئەم یادە بکەینە هەوێنی تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان و کارکردن بۆ بنیاتنانی داهاتوويه‌كى گەشتر بۆ نەوەکانمان کە شایستەی قوربانیدانی شەهیدانمان بێت.

دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی 1ی شوبات و سەرجەم شەهیدانی کوردستان. سڵاو و سەربەرزی بۆ کەسوکاری سەربەرزیان.

 

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان

2026/2/1

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.